کۆچ، بەشێکی نەبڕاوەی ژیانی گەنجان

کۆچکردنی هاوڵاتیان بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و بە پێی ئامارێک تەنها لە ٢٠٢٠دا ٣٤ هەزار کەس کۆچیان کردووە.

 

ناوەندی هەواڵ

کۆچکردن ئەو دیاردەیەی لە هەرێمی کوردستان تا دێت ڕێژەکەی لە بەرزبوونەوەدایە، لە سەردەمە جیاوازەکاندا بەرۆکی گەنجان بەرنادات و پێ بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم، خواستی گەنجان بۆ کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵات زیاد دەکات، دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و ئازاد کردنی ناوچەکانی باشوری کوردستان، ڕژێمی بە‌عس هێزێکی زۆری کۆکردەوە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هەزاران هاوڵاتی ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا کۆچیان کرد، لەوکاتە تا ئێستا بە هۆی بارودۆخی ناهەموار و نەبوونی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان کۆچکردن بەردەوامە.

ئەو هۆکارانەی وا لە گەنجان دەکات نیشتیمان جێبهێڵن و ڕوو بکەنە دەرەوەی وڵات، بێکاری و نەبوونی هەلی کار لە کەرتی تایبەت و حکومەت، گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان و نەدانی مووچە بە هاوڵاتیان دەبنە هۆکاری سەرەکی کۆچکردن.

بەشێکی زۆری هاوڵاتیان ڕێگەی نایاسای دەگرنەبەر بۆ گەشتن بەو وڵاتەی مەبەستیانە، سەرەڕای مەترسییەکانی ڕێگەی ئاو و وشکانی و ئەمانەش چەندین کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە، دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بەم شێوەیە ئامارەکانی ٢٠٢٠ی هەرێمی کوردستان و عێراقی خستەڕوو، تیایدا هاتووە سەرەڕای بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ٢٠٢٠ و سێ مانگی کۆتاییدا نزیکەی ٣٤،٠٠٠ هاوڵاتی کۆچیان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەم ڕێژەیە لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر زیاترە.

هەروەها لە ئامارەکەدا هاتووە لەو ماوەیەدا ١٨ کۆچبەر گیانیان لەدەست داوە و ١٧ی تریش بێسەرو شوێنن، زۆرترین کۆچکردن و قوربانیانی ڕێگای کۆچکردن، بە گشتی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بوون کە بە منداڵ و مێرد منداڵ ١.٣٠٠.٠٠٠ یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار هاوڵاتی کۆچیانکردووە بە تێکڕایی.

 

ت.پ