کاتێک کۆچکردن سیمای ژن وەردەگرێت

حەنان حارت- ڕۆژنامەنووسی مەغریبی

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سەرقاڵی بەدواداچوون بووم بۆ شەپۆلی کۆچکردن کە باکووری مەغریبی گرتەوە بەرەو شاری سبتەی داگیرکراو، ئەو شارە مەغریبییەی لەژێر بەڕێوەبەرایەتی ئیسپانیادایە، ئەمجارەیان دیمەنەکان لە ئەوە نەدەچوون کە لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە، دەریار ئیتر تەنها پێشوازی لە گەنجان نەدەکرد کە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن، بەڵکو خێزانی تەواو، باوک و دایک کە منداڵەکانیان هەڵگرتبوو، تەنانەت منداڵی ساواش دەرکەوتن، لە دیمەنێکدا کە گفتوگۆیەکی کردەوە لەسەر ئەوەی چی خێزانێکی تەواو ناچار دەکات سەرکێشی بەو شتە بکات کە هەیەتی لە پێناو كەنارەکەی تردا.

 

لەنێو ئەو وێنانەی کە لە مێشکمدا چەسپین، وێنەی گەنجێک بوو کە دایکی لەسەر پشتی هەڵگرتبوو لەکاتێکدا هەوڵی دەدا پێی بگاتە سبتە، وەک ئەوەی گەشتەکە ئیتر بڕیاری تاکێک نەبێت، بەڵکو بڕیاری خێزانێک بێت بە تەواوی، بەڵام لە ناو هەموو ئەو دیمەنانەدا، بۆ ماوەیەکی درێژ وەستام لەسەر وێنەیەکی جیاواز، وێنەی فەڕەح، پاڵەوانی مەلەوانی کە گەیشتە سبتە و نیشانەی سەرکەوتنی بەرزکردبووەوە.

ئەوەی کە سەرنجی ڕاکێشام ئەوە نەبوو کە لە دەریادا پەڕیبووەوە، چونکە ئەو دەریاوە پێش ئەو هەزاران هەوڵی پەڕینەوەی بینیوە، لە دواشیدا ئەوانی تریش دەبینێت، بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە وێنەکە بوو بە ئاوێنەیەک کە هەموو لایەنێک خوێندنەوەی تایبەتی خۆی خستە سەر.

 

لەنێو ئەو خوێندنەوانەدا، تێبینییەکەی بوشرا عبدۆ، چالاکوانی مافی مرۆڤ سەرنجی ڕاکێشام، کە لە نیشانەی سەرکەوتنەکەدا هاوارێکی ناڕەزایەتی بێدەنگی بینی، وەک ئەوەی بڵێت سەرکەوتن لە گەیشتن بە کەنارەکەی تردا شکستێک ئاشکرا دەکات لە دابینکردنی مەرجەکانی ژیانێکی شایستە لە ناو نیشتماندا، وتی: ڕزگاربوونی ڕاستەقینە نابێت بە کۆچکردن بەدی بێت، بەڵکو بە دەستهێنانی مافی ژیانێکی شایستە.

 

لە هەمان ئاڕاستەدا، بەڵام لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە خوێندمەوە ئەوەی کە کەبیرە شاتر، چالاکوانی سیاسی نووسیبووی، کە لە زەردەخەنەکەی فەڕەحدا دەربڕینێکی بینی بۆ یاخیبوونی نەوەیەک بە تەواوی بە تایبەت ژنانی گەنج، بەرامبەر بە ڕاستیەک کە خەونەکانیان تەنگەتاو دەکات و بەرامبەر بە وتارێک کە هێشتا داهاتووی زۆرێک لە ژنان لە هاوسەرگیریدا کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەوان داوای مافی خۆیان دەکەن لە خوێندن و کار و سەربەخۆیی و دروستکردنی بژاردەکانی خۆیان بە دەستی خۆیان.

 

لەو دوو تێبینییەدا، نەمدەویست بەدوای شیکردنەوەیەکدا بگەرێم بۆ زەردەخەنەکەی فەڕەح، بەڵکو بەدوای شیکردنەوەیەکدا بۆ ئەو گفتوگۆیەی کە ئەو زەردەخەنەیە دروستیکرد، وێنەکان هەموو شتێک نادەن، کەسیش ناتوانێت بە ناوی ژنێکەوە قسە بکات کە چیڕۆکی تەواوی نەزانرابێت، بەڵام لە بەرامبەردا، زۆر شت لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە ئاشکرا دەکەن کە سەیری دەکات و لەسەر ئەو پرسیارانەی کە سەرقاڵی کردووە، لەبەر ئەم هۆکارەش ڕەنگە یادەوەریم تەنها لەسەر وێنەی فەڕەح نەوەستا، بەڵکو بردمی بۆ وێنەی تریش کە لە مێشکمدا ماونەتەوە لە ساڵانی ڕابردووی ڕووپۆشی ڕۆژنامەوانیدا.

 

چونکە لە زۆر کاتدا، وێنە نابێتە تەنها بەڵگەنامەیەک بۆ ساتێک، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ئاوێنەیەک کە پرسیارەکانی کۆمەڵگەیەک بە تەواوی کورت دەکاتەوە، ئەمەش یەکەم جار نەبوو کە ڕووبدات، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی نەوەی زی، وێنەی ژنێک بڵاوبووەوە کە گەنجێک لە دەستی هێزە ئەمنییەکان ڕادەکێشا لەکاتێکدا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە دەستگیرکردنی.

 

لەو ڕۆژەشدا، وێنەکە سنوری ساتی خۆی تێپەڕاند، ئیتر تەنها دیمەنێک نەبوو لە خۆپیشاندانێکدا، بەڵکو بوو بە دەربڕینێک بۆ ترسی دایکەکان، بۆ هاوسۆزی ژنان، بۆ هەستی نەوەیەک بە تەواوی کە داهاتووەکەی بووە بە جێگەی ململانێ، ئەو وێنەیە تەنها وێنە نەبوو کە لە یادەوەریدا ماوەتەوە، بەڵکو منی گەڕاندەوە بۆ ژنانی فیکیک، ئەوانەی بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرگریکردن لە مافی ئاو، لە دیمەنێکدا کە پشتڕاستی کردەوە کە ژنان لە پەراوێزی ئەو گۆڕانکاریانەی کە کۆمەڵگەکانیان تووشی دەبن ناوەستنەقە، بەڵکو لە دڵی خۆیاندا.

 

ئەوەی لەنێوان ئەو ژنانەدا کۆیانکردەوە خەونی کۆچکردن نەبوو، بەڵکو خەونی دەرفەتێک بوو، دانپێدانان، کەرامەت، شوێنێک کە ڕێگە بە خەونەکان بدات گەورە ببن، لەبەر ئەمە وێنەی فەڕەح بۆ من وەک پچڕان لەگەڵ ئەو چیرۆکانە دەرنەکەوت، بەڵکو وەک درێژکراوەیەکیان بوو.

 

ڕەنگە ئەمە ئەو شتە بێت کە وێنەی فەڕەحیش ئاشکرای دەکات، ژنان لە مەغریب، وەک لە وڵاتانی تری باشووری دەریای سپی ناوەڕاست بوون بە خاوەنی ئامادەبوونی زیاتر لەو گۆڕانکارییانەی کە کۆمەڵگەکانیان دەژین، لە بازاڕی کاردا، لە خۆپیشانداندا، لە وەرزشدا، لە کەشی گشتیدا، تەنانەت لە چیرۆکەکانی کۆچکردندا، ئیتر کۆچکردن سیمای گەنج بە تەنها هەڵناگرێت، بەڵکو سیمای ژنێکیش هەڵدەگرێت.

 

و لەو کاتەی کە وێنەی فەڕەح هەموو ئەم گفتوگۆیە وروژاندبوو، هەواڵەکان باسیان لە گەیشتنی ژمارەیەکی گەورە لە کۆچبەران دەکرد بۆ سبتە، لە مەغریب و لە وڵاتانی ئەفریقی جیاواز و لەسەر گفتوگۆکان سەبارەت بە گەڕاندنەوەیان، جیاوازییەکە دیار بوو، چونکە هەندێک کەس وێنەکەیان وەک ساتی سەرکەوتن دەخویندەوە، ڕاستییەکان بیریان دەخستەوە کە گەیشتنە کەنارەکەی تر کۆتایی چیڕۆکەکە نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی ترە کە سنورەکان و یاساکان و سیاسەتەکان بەڕێوەی دەبەن.

ڕەنگە لێرەدا گرنگی وێنەی فەڕەح دەردەکەوێت، چونكە وەڵام پێشکەش ناکات ئەوەندەی کە پرسیار دەوروژێنێت و ئەو پرسیارەی کە لە بەردەممدا کراوە جێهێشت ئەوە بوو: واتای چییە کە کۆچکردن ببێتە ئەگەرێک، بۆ هەندێک لە ژنان و هەروەها بۆ پیاوان، کاتێک کەشی خەونەکان لەناو نیشتمانەکانیان بچووک دەبنەوە؟

 

ئەم پرسیارەش تەنها مەغریب ناگرێتەوە، چونکە ئەوەی بەدوایدا بچێت کە چی لە ڕۆژئاوای دەریای سپی ناوەڕاست ڕوودەدات تێدەگات کە دەریا ئیتر چیرۆکی مەغریبییەکان بە تەنها ناگێڕێتەوە، بەڵکو چیرۆکی توونسییەکان و جەزائیرییەکان و لیبیایەکان، پێش ئەوان و لە دوای ئەوانیش هەزاران کۆچبەر لە وڵاتانی ئەفریقای باشووری سەحرا، کە زمان و نەتەوەکان جیاوازن، بەڵام ئەو پرسیارانەی کە تێپەڕبووان هەڵیانگرتووە هاوشێوەن کاتێک بەدوای ئاسۆیەکدا دەگەڕێن کە باوەڕیان وایە فراوانترە.

 

ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارە وێنەی فەڕەح لە مێشکمدا مابێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئەو پاڵەوانی مەلەوانییە کە بە شەپۆلەکانی دەریادا پەڕیوەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی کاردانەوەیەکی بەرفراوانی دروستکرد، بەڵکو لەبەر ئەوەی یادی خستەمەوە کە گۆڕانکارییە گەورەکان هەمیشە بە وتاری سیاسی یان بە ژمارەی فەرمی دەست پێ ناکەن، بەڵکو هەندێک جار بە یەک وێنە دەست پێ دەکەن کە ئەوەی لە پشتەوەی شاراوەیە لە پرسیارە گەورەترەکان لە خاوەنەکانیان ئاشکرا دەکات، وێنەی فەڕەح، لە کۆتاییدا پەیوەندی بە ژنێکی گەنجەوە نییە کە بە دەریاکەدا پەڕیوەتەوە تەنها، بەڵکو بە کۆمەڵگەیەکەوە پەیوەندیدارە کە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە چۆن منداڵانی کچ و گەنجەکانی وابکات داهاتوویان لە ناو نیشتمانەکانیاندا ڕووبدات، پێش ئەوەی هەست بکەن کە کەنارەکەی تر تەنها ئاسۆی بەردەستە.