کاریکاتێریستێک زاڵبوونی مافیای هونەری بەسەر دیمەنی کولتووری لە سەردەمی خۆیدا ئاشکرا دەکات
شەیدا فیدایی پێیوایە، تاکە ڕێگا بۆ ئایندەیەکی ئازاد بۆ هونەر لە یەکێتی هونەرمەندانی سەربەخۆدایە، لە بوارە هونەریە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبنەوە کە لەلایەن گروپەکانی پەیوەست بە حکومەتەوە سەپێندراون.

ماریا قەدیمی
سنە-هەندێک لە هونەرمەندان باس لەوە دەکەن کە لە چالاکیەکانیاندا توشی سنووردارکردن و ئاڵەنگاری بوون، دەڵێن گروپە مافیاکان و کەسانی کاریگەر لە هەندێک بواری هونەریدا کۆنترۆڵی دەستڕاگەیشتن بە مۆڵەت و دەرفەتی پێشانگاکان دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ڕێکخستنی فێستیڤاڵ و وۆرکشۆپ و پێشانگا و ڕیکلام لە شارەکاندا، شەیدا فیدایی ، کاریکاتێریست لە شاری سنە سەبارەت بە کەسایەتیە کاریگەرەکانی بواری هونەر وتی: گروپ و تاکەکانی پەیوەست بە هونەر بەتەواوی کۆنترۆڵی بواری کاریکاتێر دەکەن، هەموو مۆڵەتەکانیش لە دەستی ئەواندایە، تەنانەت لە هونەری کاریکاتێرێشدا کەسانێک هەن پەیوەندیان بە حکومەتەوە هەیە کە بەرپرسی پلاندانانن، هیچ کەسێک بۆی نییە کار بکات جگە لەوانەی کە ئەم گروپە هەڵیانبژاردوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت شوێنێکمان هەبێت کە تاکەکان مافی کارکردنیان پێ بدرێت و لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوی و چالاکی خۆیان دەرببڕن، نەک لەسەر بنەمای پەیوەندیان بە دەسەڵاتەوە، بوونی گروپە سەربەخۆ و بێلایەنەکان کە لە ئێستادا کاردەکەن، سەرچاوەی هیوایە، هەندێک لەو گروپانە سەرکەوتو بوون لە سازدانی پێشانگایەک کە بە بەرزی کوالێتی کارەکانیان جیا دەکرێنەوە، هەروەها ئازاد و سەربەخۆن و کەس ناتوانێت ڕەخنەیان لێبگرێت.
ڕونیکردەوە، هەندێک لە هونەرمەندان قۆرخکاری چالاکی هونەری خۆیان دەکەن و کۆنترۆڵی هەندێک بوارە هونەریەکان دەکەن، ئەمەش ڕێگری دەکات بۆ چوونە ناوەوەی هونەرمەندانی تر، ئەم هونەرمەندانە بە گشتی پەیوەندیان بە حکومەتەوە نییە، بەڵام فراوانکردنی پیشەکەیان بۆ کەسانی دیکە سنووردار دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە گروپێکی دیکە هەیە کە بەتەواوی پەیوەستە بە ڕژێمەوە، هەرکەسێک بیەوێت کار لە گۆڕەپانی هونەریدا بکات، دەبێت یان پەیوەندیان پێوە بکات یان لێیان بکشێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەهرەمەندن لە پشتیوانی ڕژێم، هیچ شارەزایەکی ڕاستەقینە و ئەزمونێکی بەهێزیان نییە، چ لە ڕوی فۆرم و چ لە ڕوی تەکنیکیەوە، کەموکوڕی زۆریان هەیە، ڕەنگە وەک هونەرمەند دەربکەون، بەڵام بە وتەی شەیدا فیدایی هونەرمەندانی ڕاستەقینە ڕوبەڕوی ڕەخنەی ڕاستی دەبنەوە لەسەر کارەکانیان.
"ئەزمونی هونەرمەندانی سەربەخۆ"
سەبارەت بە سروشتی کارەکەی، شەیدا فیدایی ، وتی: من لە گرافیک دیزاین و ڕیکلامدا کاردەکەم، تا ئێستا سەربەخۆ بووم و تەنها کارم لەگەڵ بازرگانە بچوکەکان و چالاکیە ئابووریەکان و کارگە و کۆمپانیا تایبەتەکان کردوە، کارم لەسەر ڕیکلام بۆ کەسانی سەر بە ڕژێم و ئەنجومەن و تەنانەت بەڕێوبەریە حکومیەکان نەکردوە، کە ئەمە هەڵبژاردەی تایبەتی خۆم بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەمان کاتدا کەسانێک دەناسم کە بە پاڵپشتی ڕژێم کۆنترۆڵی سەرجەم ڕێکلامەکانی ناو شار دەکەن، ئەوانیش بەتەواوی کۆنترۆڵی تابلۆکان دەکەن، لەم وڵاتەدا ژینگەیەک نییە بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت، یان دەبیتە شوێنکەوتو بیت یان لە بازنەیەکی بچوکی قەتیسدا دەمێنیتەوە و هیچ دەرفەتێک بۆ چالاکی نابیت.
"سنووردارکردن و داخستنی شوینی هونەر"
شەیدا فیدایی جەختی لەوە کردەوە، لە بواری کاریکاتێر و کارتۆنییدا، خۆم لە بەشداریکردن لە وۆرکشۆپەکان دەپارێزم کە کەسانی سەر بە ڕژێم ڕێکدەخەن و بەدوای ئەو مۆڵەتانەدا ناگەڕێم کە لە دەستیاندایە، بەڵام دۆخەکە ئەوەندە داخراوە کە هونەرمەندان، بەبێ شوێنی مەجازی، بەزەحمەت ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ نمایشکردنی کارەکان، ئەو کەسانەی کە وابەستەن و دەرکراوان هیچ پاساوێکیان نییە و بەرگریان لێناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە بواری نیگارکێشیشدا کەسانێکمان هەیە کە لەگەڵ هایپەرریالیزم و سوپەرریالیزمدا کاردەکەن، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ناسراون. بەڵام بەهۆی بوونی مافیای هونەری، نابینرێن و تەنانەت ڕێگەیان پێنادرێت پێشانگایەکی سادە ئەنجامبدەن".
ڕونیکردەوە، کە ئەو کەسانەی پەیوەستن بە ڕژێمەوە تەنها لە ڕوی ڕەفتارەوە لاواز نین، بەڵکو لە ڕوی هونەریشەوە لاوازن و هەندێکی دیکەش تەنها بۆ قازانج پەیوەندییان لەگەڵدا هەن، کە ئەمەش خیانەتێکە لە هونەر، من لەو باوەڕەدام کە ڕەفتار گرنگ نییە، بەو پێیەی کەس نە چەوسێنیتەوە و هیچ کێشەیەک دروست نابیت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی پەیوەندیان بە ڕژێمەوە هەیە لە بواری هونەردا زۆرجار ستەم و خیانەت بەرامبەر هونەرمەندانی تر ئەنجام دەدەن.
"پێویستی یەکدەنگی و دروستکردنی شوێنی سەربەخۆ بۆ داهاتوی هونەر"
سەبارەت بە پشتگوێخستنی هونەرمەندانی سەربەخۆ لە فێستیڤاڵ و پێشانگاکاندا، شەیدا فیدایی ڕونیکردەوە، کێشەکە لەوەدا ناوەستێت کاتێک هونەرمەندانی سەربەخۆ لە فێستیڤاڵەکاندا سەرکەوتو دەبن، ئەگەر ئەندامی گروپێکی پەیوەندیدار بە ڕژێمەوە نەبن، ڕێگەیان پێنادرێت دەربکەون، بەشداریم لە فێستیڤاڵێکی سەربەخۆدا کردوە و پلەی یەکەمم وەرگرت، بەڵام دواتر ناوم نەهێنراوە، هەرچەندە ئەمە جێگای شانازیەکی گەورە بوو بۆ پارێزگا، بەڵام هونەر و کەسایەتی و پەیوەندی ئەم کەسانە بەرگری لێناکرێت و ئەگەر هەرکەسێک ڕەخنەیان لێ بگرێت، ئەوا لە دیمەنی هونەری دوردەخرێنەوە و توشی هەراسانکردن دەبنەوە.
شەیدا فیدایی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: پێویستە یەکبگرین، پەرشوبڵاوی خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات، دەبێت بەرەیەک لە هونەرمەندانی سەربەخۆ پێکبهێنین بۆ ئەوەی شوێنی ئازاد بۆ چالاکیەکانمان دروستبکەی، نابێت بگۆڕین بۆ مافیایەکی دیکە، بەڵکو پێویستە ژینگەیەک بۆ هونەرمەندانی ئازاد و سەربەخۆ دروست بکەین بۆ ئەوەی دیاردەیە پێکەوە بەڕێوەببەین و بگەینە ئەنجامێک، ئەمە خاڵی دەستپێکێکە بۆ ئایندەی هونەر، ئایندەیەک کە نابێت دەست بەرداربین لێی بۆ مافیاکان، پەیامی ئێمە ئەوەیە بێدەنگ نەبین، بۆ ئەوەی ئەوانەی کە دوای ئێمە دێن توشی ئازارەکانمان نەبن.