"کاری ڕۆژنامەوانی تاوان نییە"

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس لە ئامەد ڕایگەیاند، ڕۆژنامەوانی تاوان نییە، هەروەها داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئیسرا سۆلین دال، نورجان یاڵچین و دەریا ئوس دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشی هەڵکوتانە سەر ماڵان لە ئامەد کە ڕۆژنامەنووسان نورجان یاڵچین و دەریا ئوس تێیدا دەستبەسەر کران، بڵاوکردەوە.

 

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن بۆ ڕێگریکردن لە کاری ڕۆژنامەوانی، ڕاگەیاندنی ئازاد جارێکی دیکە بووەتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی دەستبەسەرکردن، دوو ڕۆژنامەنووسی ژن نورجان یاڵجین و دەریا ئوس لە هێرشەکەی ئەم بەیانییەدا دەستبەسەرکران، لەگەڵ قووڵبوونەوەی جەنگ، هەژاری، قەیران و بێ یاسابیی وون، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕاستی ڕادەگەیەنن و دەبنە دەنگی گەل دەکرێنە ئامانج، دووپاتی دەکەینەوە کە دەستبەسەرکردنی هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمان وەک بەربەستێک بۆ ڕاپۆرتکردنی ڕاستییەکان دەبینین.

 

وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس، واز لە سووربوونی خۆمان ناهێنین لەسەر گەیشتن بە ڕاستییەکان بۆ گەل و بە فشار و دەستگیرکردن هەنگاو بۆ دواوە نانێین، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئیسرا سۆلین دال دەکەین کە لە ڕۆژانی ڕابردوو دەستگیرکرا، هەروەها نورجان یاڵچین و دەریا ئوس کە ئەمڕۆ دەستەبەسەرکران دەستبەجێ ئازاد بکرێن، جارێکی دیکە دەڵێینەوە کاری ڕۆژنامەوانی تاوان نییە.