کاردانەوەکان دژ بە لێدوانەکانی ڕەحمی کۆچ توندتر دەبن؛ بارۆکان هاتنە دەنگ و تەژەئادا وای لێبوردن دەکات

ڕێکخراوە یاسایی و ژنانەکان کاردانەوەی توندیان دژ بە قسەکانی ڕەحمی کۆچ بەرامبەر ژنانی کورد نیشان دا؛ بارۆکانی وان و شرناخ سکاڵای یاساییان تۆمار کرد و TJA قسەکانی وەک "گوتاری ڕق و کینەی ڕەگەزپەرستانە" وەسف کرد، وەزارەتی دادیش لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد.

ناوەندی هەواڵ 

قسەکانی کارساز ڕەحمی کۆچ، لە ئزمیر لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکدا لە دژی ژنانی کورد، لە ناو ڕای گشتیدا بوونە هۆی کاردانەوەی توند و بەرفراوان. ژمارەیەکی زۆر لە بارۆکان و ڕێکخراوەکانی ژنان، بە بەیاننامەکان دیارییان کرد کە ئەم قسانە ڕەگەزپەرست، جیاکاری و ڕق لێبوونەوەن.

 

له بارۆکانی وان و شرناخەوە سکاڵای تاوان

بارۆی وان لە بەیاننامە نووسراوەکەی خۆیدا دیاری کرد کە قسەکانی ڕەحمی کۆچ قسەی ڕەگەزپەرستانەن، هەم ناسنامەی کورد بچووک دەکەنەوە، هەمیش ژنان دەکەنە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا دەستنیشانکرا کە ئەم جۆرە قسانە زیان بە ئاشتی کۆمەڵایەتی، ڕێسای هاوڵاتیبوونی یەکسان و کەرامەتی مرۆڤ دەگەیەنن.

بارۆکە لە بەیاننامەکەی خۆیدا ئەم شتانەی گوت: ئەم قسە بچووککەرەوانەیە لەسەر بوونی ناسنامە، مێژوو و کۆمەڵگەی کورد قبووڵ ناکرێن. بە هەمان شێوە، بچووککردنەوەی ژنان بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە، کردنیان بە بابەتی گاڵتەجاڕی یان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا خستنیانە پلەی دووەمیش قبووڵ ناکرێت. ئامانجگرتنی هیچ کۆمەڵگەیەک بەهۆی ناسنامە نەتەوەییەکەیانەوە، یان کەس یان گروپێکی کۆمەڵایەتی بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە، لەگەڵ ڕێسای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بەهاکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێت.

بارۆی وان، ڕایگەیاند کە قسەکان لە ڕووی یاساییەوە بە بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوەی پێویست، لەسەر ڕەحمی کۆچ سکاڵای تاوان تۆمار دەکەن.

بارۆی شرناخ لە بەیاننامەکەدا ئاوا کتی: سەبارەت بە ڕەحمی کۆچ کە لەسەر ژنانی کورد دەستەواژەی نەخۆش، بچووککەرەوە و کەرامەت شکێنەری بەکارهێنا، بەهۆی قسە هێرشبەرانەکان، جیاکارییەکان و دژ بە کەرامەتی ژنان، ئێمە سکاڵای تاوان تۆمار دەکەن.

 

لە بارۆکانەوە یەک لەدوای یەک کاردانەوە

بارۆی مێردین دیاری کرد کە دەبێت بۆ ئارامکردنەوەی ویژدانی ڕای گشتی داوای لێبوردن بکرێت، ئەگەرنا ئەوان هەنگاوی یاسایی پێویست دەهاوێژن.

سەرۆکی بارۆی ئامەد عەبدولقادر گولەچ-یش بە بەیاننامەیەک قسەکانی ڕەحمی کۆچی شەرمەزار کرد. بارۆکانی ڕوحا، ئێلیهـ و سێرت-یش لە بەیاننامەکانی خۆیاندا کاردانەوەیان نیشان دا و دیارییان کرد کە ئەم قسانە قبووڵ ناکرێن.

 

تەڤگەری ژنانی ئازاد: بەم قسانە زمانی ڕق و کینە خۆی نیشان دەدات

تەڤگەری ژنانی ئازاد،لەو بەیاننامەیەی کە لەسەر هەژماری خۆی لە مێدیای دیجیتاڵدا بڵاوی کردەوە، دیاری کرد کە قسەکانی ڕەحمی کۆچ وەک 'گاڵتە' یان 'مێزاهەت' نانرخێندرێن.

لە بەیاننامەکەدا دیاری کرا کە قسەی بابەتی باسەکە، قسەی ڕق لێبوونەوەن ژنانی کورد دەکەنە ئامانج و ڕەگەزپەرستی و داگیرکارییە و ئاوا وترا: "ئەم قسەیە بە تەنیا خۆی قسەیەکی مێزاهی نییە؛ نیشانەی زێهنییەتی کاپیتالیست، فیوداڵ، ڕەگەزپەرست و میلیتاریستە کە بە سەدان ساڵە لەسەر جەستە و ناسنامەی ژنان بەڕێوە دەچێت. بە شێوازێکی سیستماتیک دەیانەوێت لە ڕێگەی ناسنامە، زمانەوە ژنانی کورد بکەنە ئامانجی پۆلیتیکاکانی داگیرکاری. عەقڵی نێرینە کە تەندروستی، مەحرەمییەت و زانینی ژنان بچووک دەبینێت، جارێکی تر لە کەسایەتی ژنانی کورددا زێهنییەتی چەپەڵی خۆی نیشان داوە. ئەم قسانەی کە لە ژێر ناوی 'پێکەنیناوییەکاندا' دەکرێن، لە هەوڵی لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد و بەرخودانی کۆمەڵایەتی بەولاوە هیچ شتێکی تر نییە.

ئەمڕۆ تەڤگەری ژنانی کورد کە بە فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی' بۆ هەموو ژنانی جیهان بوو بە ئیلهام، لە هەمبەر هەر جۆرە دواکەوتوویی، ڕەگەزپەرستی و زێهنییەتی تاکپەرستی بەربەستێکی هەرە بەهێزە. ئەم زمانە ڕەگەزپەرستە نێرینەیە، زمانی شاردنەوەی زێهنییەتی ڕزیوی خۆیەتی کە هەوڵ دەدات ئیرادەی ئێمە بشکێنێت. نە لە حدودی بۆرژوا و نوێنەرانی ئەوانی پیاوسالاردایە کە سووکایەتی بە ژنان بکەن. ئێمە بانگ لە ڕەحمی کۆچ دەکەین کە دەستبەجێ داوای لێبوردن لە ژنانی کورد بکات. هیچ سەرمایە و دەسەڵاتدارییەکی پیاوسالاری ناتوانێت لە ژێر ناوی مێزاهەتدا ژنانی کورد بکاتە ئامانج.

ئێمە بە مەزنکردنی تێکۆشان و ڕێکخستنبوونی خۆمان لە هەر مەیدانێکدا، لە دژی زێهنییەت و زمانی ڕەگەزپەرستی کاپیتالیستی مۆدێرنیتە دەبینە وەڵام.

 

سەبارەت بە ڕەحمی کۆچ لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد

بریکاری وەزارەتی داد ئاکین گورلەک کاردانەوەی نیشان دا بەرامبەر بە قسەکانی ڕەحمی کۆچ و دایە زانین کە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئزمیر سەبارەت بە ڕەحمی کۆچ لێکۆڵینەوەی دەست پێکردووە.

ئاکین گورلەک دەربڕی کە عەدالەت بەپێی پێگەی مرۆڤەکان ناجوڵێتەوە و ئەوان ئەو قسانەی کە کەرامەتی ژنان پێشێل دەکەن قبووڵ ناکەن.