جیلان بەرجەس بەبیرهێندرایەوە

جیلان بەرجەس لە ١١ ساڵەی شەهیدبوونیدا بە مۆم لە ناوەندی شاری تل عوزێر بەبیرهێندرایەوە، دایکی لە یادەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە شانازی بە کچەکەیەوە دەکات کە خۆی لە پێناو باوەڕییەکەیدا کردە قوربانی.

شنگال 

 

جیلان بەرجەس، ژنێکی ئێزدی کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە فەرمانی ٧٤  لەلایەن چەتەکانی داعشەوە گیرا و بۆ ئەوەی چەتەکان هێرشی نەکەنەسەر مەچەکەکانی بڕی و شەهید بوو، لە ١١یەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا لە ناوەندی شاری تل عوزێر بە داگیرساندنی مۆم یادی کرایەوە.

 

هەروەها دایکی جیلان و زۆرێک لە خزمەکانی کە ئەوانیش لە کاتی فەرمانەکەدا ەلایەن چەتەکانەوە گیراون، ئامادەی یادەکە بوون.

 

شەمێ دێرۆ، دایکی جیلان لە یادەکە قسەی کرد و وتی: من هەمیشە لەژێر فەرماندا بووم، هەرگیز ڕۆژێکی خۆشم نەبووە لە ژیانمدا، هەمیشە لە ئازار و مەینەتیدا بووم، هەرکەسێک خێزانەکەی ٣٣ کەسی بە دەستی داعش لەدەستدابێت، هیچ خۆشییەکی لە ژیانیدا نییە، ئێمە هیچ ژیانێکمان نییە. ئێسکەکانمان هەمیشە لەبەردەم چاوماندایە. کاتێک فەرمانەکە نزیک دەبێتەوە، ئێمە ئەو کۆمەڵکوژییانەمان لەبیرە کە بەسەرماندا هاتووە.

 

"ئێمە هەمیشە لە پاڵ کولتوور و باوەڕەکەماندا دەوەستینەوە"

هەیام عەلی ئاماژەی بەوەکرد، هەمیشە لەسەر کۆمەڵگەی ئیزدی فەرمان هەیەو وتی: ئێمە لە پێناوی شەهیدان هاتووین بۆ ئێرە، هاتووین بۆ ئەوەی بیانهێنینەوە. مەلیکە تاوس تۆڵەمان دەسێنێت، هیوا و خواستی ئێمە ئەوەیە کە دونیا شوێنێکی باشتر بێت، و ئێمەش بتوانین وەک هەر کۆمەڵگەیەکی ئازاد بژین.

 

هەروەها ژنێک بە ناوی لەیلۆ خدر وتی: زۆر کەس لە بنەماڵەکەم بە هەمان شێوە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژران، ئێمە بەهۆی باوەڕمانەوە ئەوەندە فەرمانمان لەسەرکرا، تا لە ژیاندا بین لە پاڵ کولتوور و باوەڕەکەماندا دەوەستینەوە.