زەینەب جەلالیان داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئێرانی کرد

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد لە زیندان پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیان کرد بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سبەینێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد کە چەندین ساڵە لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێراندا زیندانی کراوە و ئەشکەنجە دراوە، پەیامێکی ناردووە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سبەینێی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

زەینەب جەلالیان لە پەیامەکەیدا داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران کرد کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن و وتی: من لە زیندان بەندکراوم چونکە داوای مافی خەڵکم کردووە، بۆیه داواتان لێدەکەم سبەینێ له ماڵەکانتان بمێننەوەو بەشداری له هەڵبژاردنەکاندا نەکەن.

 

زەینەب جەلالیان لە ساڵی ١٩٨٢ لە ماکۆ، ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ لە کرماشان دەستگیرکرا و بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و شەڕکردن دژی خودا" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر دادگای پێداچوونەوە سزاکەی گۆڕی بۆ زیندانی هەتاهەتایی.