"هەموواری یاسای باری کەسێتی هەوڵێکە بۆ بە شیعەکردنی کۆمەڵگه‌ی عێراق"

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان سەبارەت بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەموواری یاساکە کاریگەری مەترسیداری لەسەر دۆخی ژنانی کوردستانیش و ماف و ئازادیەکانیان دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لە دژی پڕۆژە یاسای هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق بە ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ بڵاوکردەوە و تیایدا بە توندی ئیدانەی ئەو هەوڵانەی لایەنە شیعەکان دەکات کە بۆ هەمووارکردنەوەی ئەو یاسایە خستوویانەتەگەڕ.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەوڵدان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسایەک بەو شێوەیە هەوڵێکە بۆ بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی تاوان لە دژی ژنان و کچان و مناڵان و بە کۆیلەکردنیان، هاوکات هەوڵێکە بۆ داڕمانی یەکجاری کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و سپاردنی هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە هەوا و هەوەسی سێکسی پیاوانی ئاینی و سه‌رمایەدارانێک و بەرپرسانێکی گەندەڵ، کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەوەش گێڕانەوەیەکی مەترسیداری کۆمەڵگه‌ی عێراقە بۆ سەردەمانێکی تاریک، ئەگەر ئەم هەوڵەی کە ناویان ناوە هەموواری یاسا، لە پەرلەمان تێپەرێت ئەوا نەک هەر هیچ مافێک بۆ ژن ناهێڵێتەوە، بەڵکوو ژنان و کچانی منداڵ دەکاتە کۆیلە و کەنیزەک و کاڵایەکی سێکسی و بە دوای خۆشیدا چەندین دیاردەی قێزەونی وەک فرەژنی، زەواجی مسیار و سیغە، پەرەپێدەدا و بەیاسایی دەکات.

 

ئەو حزبە باسی لەوەشکردووە، کە بەو پێیەی لە هەمووارەکەدا هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی نۆ ساڵ و سەرووتر بە یاسایی دەکرێت، هەروەها بەهەڵگرتنی سزا لەسەر ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی دادگاکان دەست بۆ گرێبەستی نافەرمی و هاوسەرگیری نایاسایی دەبەن، دەرگا له‌به‌رده‌م مه‌لا و پیاوانی ئاینیدا هه‌رچی زیاتر ئاوه‌ڵا ده‌كات بۆ ڕه‌وایه‌تی دان به‌و جۆره‌ گرێبه‌ست و هاوسه‌رگیرییانه، بە ڕادەیەک کە ژنان هیچ ماف و بڕیارێکیان نەبێت لە هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا و بەیەکجاری بکرێنە پاشکۆی پیاوان، ئەو هەموارکردنە ژنان و مافه‌كانیان ته‌سلیم به‌ بیروڕای ئاینی و مه‌زهه‌به‌كان ده‌كات، واته‌ مافەکانی ژنان سنووردار دەکرێن بە پشتبەستن بە لێکدانەوە ئاینییەکان کە لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی تر جیاوازە. هەروەها مەسرەفکردن بۆ ژنان مەرجداردەکرێت بەڕادەی “چێژوەرگرتنی سێکسی” پیاوانەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوەکە کە یاساکە پێویستی بە هەمووارکردنەوە و گونجاندنیەتی لەگەڵ مافی هاوڵاتی یەکسان و ئازادییەکانی ژناندا، چونكه‌ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیەکان و لەگەڵ خواستەکان و چاوەڕوانیەکان و خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادیدا ناگونجێت، بەڵام ئەو هەمووارەی کە کوتلە پەرلەمانییەکەی شیعەکان پێشنیاری دەکەن، نەک هەر پێچەوانەیە بە دەستکەوت و پێودانگە جیهانی و ئەمڕۆییەکانی ماف و ئازادییەکانی ژنان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ  بە شیعەکردنی کۆمەڵگه‌ی عێراق و لێدانە له‌ بنەماکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و لە سەرەتاییترین ماف و ئازادیەکانی ژنان.

 

لە کۆتاییدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، ئەو پڕۆژە یاسایە دەبێت لەلایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی عێراق و کوردستانەوە، لەلایەن هەموو ڕێکخراو و لایەنەکانی داکۆکیکار لە ماف و ئازادیەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافەکانی مناڵان…. بە توندی بەرپەرچ بدرێتەوە و پێشنیارکاران و بەرگریکارانیشی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا شەرمەزار بکرێن، بانگەوازی ژنانی کوردستان و هەموو ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی داکۆکی لە ماف و ئازادیەکانی ژنان دەکەن، بۆ بە شکستکێشانی ئەو هەوڵەی پەرلەمانتارانی شیعە و حزبەکانیان لە پاڵ ناڕەزایەتیەکانی ئێستای ژنان و ئازادیخوازانی شارەکانی عێراقدا ڕاوەستن، هاوکات ڕێگانەدەن کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، و ڕیکەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا ماف و ئازادیەکانی ژنانی عێراق پێماڵ بکه‌ن، کە بەدڵنیایەوە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بەو جۆرەی خراوەتەڕوو، کاریگەری مەترسیداری لەسەر دۆخی ژنانی کۆردستانیش و ماف و ئازادیەکانیان دەبێت.