"پێویستە دۆزی کورد و ئاشتی و شکاندنی گۆشەگیری بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت"

شاندی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و تەژەئە لە بارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەیان ڕایانگەیاند، لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی، کەسایەتی و ژنان کۆبووینەوە، بۆ چارەسەریی کێشەکان دەبێت گەلی کورد یەکڕیز ببێت و گفتوگۆی ئاشتی و دیموکراسی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دەستپێبکات.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە هۆڵی هۆتیل ڕامادا لە شاری سلێمانی، شاندی پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی و تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئە، لە بارەی سەردانی شاندەکەیان بۆ لای بەشێک لەلایەن سیاسییەکانی باشووری کوردستان و کەسایەتییەکانی کورد و ژنان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

 

"دژی سیاسەتی دەوڵەت بەرخۆدان هەیە"

لە سەرەتای کۆنگرەکەدا گوڵجان کاچماز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، وتی: وەک سێ پەرلەمانتاری دەم پارتی و پێشووی هەدەپە لە ٢٥ـی تەمووزەوە سەردانی باشووری کوردستانمان کرد و چەند سەردانێکی دیپلۆماسییمان ئەنجامدا، کە لە نێویاندا بەشێک لەلایەن سیاسیی، کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان و ژنان هەبوو، بۆمان دەرکەوت کێشەی گەلی کورد تەنها لەم ساڵانەی دواییدا نییە، بەڵکو سەدان ساڵە ئەو کێشەیە لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت و بە تایبەت ماوەی ٢٢ ساڵە ئاکەپە و مەهەپە سیاسەتێکی گڵاو لەسەر گەلی باکوور درێژە پێداوە، وێرای سەرکەوتنی هەدەپە و دەم پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵام دەوڵەت فشارەکانی زیاتر کرد و سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلی بەڕێوەبرد، لە بەرامبەر ئەوەشدا بەرخۆدانییەکی گەورە هەیە.

 

گوڵجان کاچماز وتیشی: ئەو بەرخۆدانەی لە باکووری کوردستاندا بەڕێوەدەچێت لە هێز و باوەڕی گەلەوە سەرچاوە دەگرێت، بە هیواشین گەلی باشووری کوردستان تێکۆشانێکی هاوشێوە بەڕێوە ببات.

 

"لە چوار پارچەی کوردستان هەوڵی تواندنەوەی گەلی کورد دەدرێت"

نەورۆز ویسال، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شەرناخ وتی: ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئاستی ناسنامە و شوناس و پێگە و داگیرکەرییشدا هێرش و هەوڵی تواندنەوە لەسەر گەلی کورد هەیە، ئەوەی پێویستە بیکەین یەکڕیزیی و یەکگرتووی گەلی کوردە بۆ ئەوەی بگەینە سەرکەوتن.

 

باسی لەوەکرد لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆژانە کارەسات ڕوودەدەن و هێرشی نوێ دێتە ئاراوە، بۆیە یەکڕیزیی گەلەکەمان تەنها پێویستی نییە بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی لایەنە سیاسییەکان بە تەنها نییە بەڵکو بووە بە ڕۆحیەتێکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی، ئەمڕۆ ناکۆکیی و کێشەناوخۆییەکانمان بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانین یەکڕیزییەکی نەتەوەیی پێکبهێنین، بە هۆی ئەوەشەوە داگیرکاریی لەسەر باشوور بەڕێوەدەچێت و سیاسەتێکی قێزەوەن لەسەر گەلی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ هاوشێوەی شێخ سەعید و قازی محەمەد مێژوو لەسەر ڕێبەر ئۆجالان کە ماوەی ٢٥ ساڵە گۆشەگیریی لە دژی بەڕێوەدەچێت دووبارە دەکرێتەوە.

 

" یەکڕیزی گەلی کورد کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت"

نەورۆز ویسال ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک ماوەی ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کوردی خستووەتە زیندان و گۆشەگیریی لە دژی بەڕێوە دەبات، سیاسەتی شەڕ و گۆشەگیریی پێکەوەگرێداوە و لە دژی ئەنجامی دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی و گەلەوە لە جیهاندا تێکۆشانی شکاندنی گۆشەگیریی و پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی دەکرێت، وتیشی: گەر کێشەی کورد بە ئاشتیی و دیموکراسیی چارەسەر ببێت دەبێت گفتوگۆ ئەنجامبدرێت.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری سەردانەکانیشیان لە چوارچێوەی ئەو کامپەینە جیهانییەدا بوو کە بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەر کێشەی کورد دەستپێکراوە، بە دڵنیاییەوە یەکڕیزی گەلی کورد کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت.