٧٠ خێزان دەگەڕێنەوە شەنگال

گەڕانەوە بۆ شەنگال بەردەوامە و لە نوێترین هەڵمەتیشدا، ئەمڕۆ ٧٠ خێزان لە کامپەکانی باشووری کوردستانەوە دەگەڕێنەوە شەنگال.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆی ١١ هەزار خێزان کە ناوەکانیان تۆمار کردووە و سەرجەم بەڵگەنامەکانیان تەواو کردووە، ئەمڕۆ ڕێگەیان پێدراوە ٧٠ خێزانی شەنگالی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان،  هەروەها سەدان خێزان ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

 

ئەو خێزانانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ شەنگال لە هەموو کامپەکانی باشوورەوە دێن و زۆربەیان لە کەمپی مام ڕەشان و ئێسیای سەر بە دهۆک نیشتەجێ ببوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بڕیاریداوە تا ٣٠ی تەمموز دەروازەی سەرجەم کامپەکانی باشووری کوردستان دابخرێت و سەرجەم کۆچبەران بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

 

هەروەها وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، لەم ساڵەوە خوێندن لە کامپەکاندا ناکرێتەوە و سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکانی لە کامپەکاندان دەکشێنێتەوە، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەش کە لە کامپەکانەوە دەستکەوتوون، سەدان خێزانی دیکە خۆیان ئامادە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەڕێنەوە بۆ شەنگال.