ژمارەی زیان بەرکەوتووان لە غەززە ١١٧ هەزار كەسی تێپەڕاند

وەزارەتی تەندروستی غەززە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی بڵاو كردەوە، لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٥٠ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨١ هەزار ٢٦ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٥٠ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٨١ هەزار و ٢٦ كەس، ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٦٦  كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٣٨٣ـی دیكەش بریندار بوون.

 

هەروەها، ٢٣٤ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.