ھەست بە ماندوو بوون دەکەیت لە قاچەکانتدا؟ ھۆکار و چارەسەرەکەی بزانە

ھۆکار زۆرە کە ماندووبوون دروست دەکات لە قاچدا، لەوانەیە ئازار و گرژی و کزانەوەی لەگەڵدا بێت یاخود نا.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک ھەڤین کەمال شا، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج، دەربارەی هەستکردن بە ماندوو بوون لە قاچەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە، ھەستکردن بە ماندووبوون مەرج نیە نەخۆشی بێت، بەڵام پێویستە گرنگی بە لەش بدەین، کاتێک ھەست بەماندووبوون دەکرێت.

 

گرنگترین ھۆکارەکانی :

- بەکارھێنانی زۆر و خراپ بەکارھێنان: هەندێک حاڵەت ئەو کارانەی کە دەکرێت کەمتر جوڵەی قاچەکانی پێویستە، دواتر جوڵەکان زیاتر دەبن، ئەمە هۆکارە بۆ ئازاری قاچ، گرنگە کە بەکارھێنانی بەپێی توانای لەشی خۆت بێت.

 

- کەم بەکارھێنان: ئەمیش ھۆکارێکە بۆ ماندووبوون، بەتایبەت ئەوانەی ماوەیەکی زۆر دادەنیشن یاخود پاڵ دەکەون.

 

- گرژبوونی ماسولکەکانی قاچ: ئەمیش دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە ماندوویەتی، پێویستە لەو کاتەدا پشووی تەواو بە قاچەکان بدرێت ھەتا نیشانەکان نامێنن.

 

- کەمی پۆتاسیۆم: کاتێک ڕێژەی پۆتاسیۆم کەم دەبێت لە لەشدا، لەوانەیە ئەم نیشانانەی تریشی لەگەڵدا بێت؛ بێتاقەتی، بێھێزی، گرژی قاچەکان، قەبزی.

 

- دەوالی: کاتێک خوێنھێنەرەکان بە باشی کار ناکەن، خوێن تیایاندا کۆدەبێتەوە، خوێنھێنەرەکان گەورە دەبن و دەئاوسێن.

 

- کەمبوونەوەی سوڕی خوێن بۆ قاچەکان: لەم حاڵەتەدا خوێن بە باشی ناتوانێت بگوازرێتەوە بۆ پەلەکانی خوارەوە و گەڕانەوەی خوێنیش بەباشی نابێت بەرەو دڵ، بۆیە ھەڵئاوسان دروست دەبێت لە قاچ و پێی و قولەپێدا.

 

- دوو گیانی: کە ھەڵئاوسان و ماندووبوون بەھۆی ئەم ھۆکارانە دەبێت: گۆڕان لە ھۆرمۆندا، کۆبوونەوەی شلە و ئاو لە خانەکاندا، زیادبوونی فشاری سەر خوێنھێنەرەکان.

 

- نەخۆشی (MS) : قورسبوون و ماندووبوونی قاچەکان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، دیاریکردنی ئەم نەخۆشییە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەبێت .

 

چۆن چارەسەری ماندووبوونی قاچەکان دەکرێت؟

- شانەکردنی وشک: ئەمیش بە فڵچەی تایبەت دەکرێت، کە یارمەتی چالاک کردنی سوڕی خوێن دەدات، سوڕی لیمف چالاک دەکات، وزەی زیاتر دەدات بە قاچەکان، جگە لەوەی خانەکانی پێست تازە دەکاتەوە، شانەیەک بەکاربھێنە یاخود فڵچەیەک کە دانەکانی سروشتی بن و ڕەق نەبن، لە پێیەکانتەوە دەست پێبکە و بەرەو قاچ و بەرەو دڵ، ئەمە بۆ ماوەی (١٠-١٥) خولەک بکە پێش حەمامێکی سارد.

 

- حەمامی گەرم: چوونە ناو حەمامی گەرم یارمەتی خاوبوونەوە و ڕیلاکسەیشن دەدات، سوڕی خوێن چالاک دەکات، دەتوانیت دوو کوپ خوێی ئینگلیزی "خوێی دەریا" یاخود سۆدەی نان بکەیتە تەشتی حەمام یاخود بانێۆکەوە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک.

 

- حەمامی قاچ: شوشتنی قاچەکان یارمەتی پشوودانی قاچەکان دەدات بە کەمکردنەوەی ئازار و ئاوسان و ھەوکردن، باشترە تەشتێک یاخود سەتڵێک ئاوی شلەتێن بێنیت و یەک کوپ سرکە یاخود خوێی زبری تێبکەیت و بۆ ماوەی ٢٠ خولەک قاچەکانتی تێبکەیت.

- سرکەی سێو: ھەندێک لە توێژینەوەکان دەڵێن، چەورکردنی قاچەکان بە سرکەی سێو نیشانەکانی دەوالی کەم دەکاتەوە، وەکو گرژبوون و ئازار و ماندووبوون.

 

- ڕێگای ڕایس: (RICE)

R: پشوودان بە قاچەکان.

I: ئایس بە واتای دانانی سەھۆڵ لەسەر قاچەکان.

C: کۆمپرێشن بە مانای بەستنی قاچەکان بە سپلینتی تایبەت یاخود بە باندج.

E: ئیلیڤەیشن بە مانای بەرزکردنەوەی قاچەکان ، دانانی لەسەر گۆشە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان و ناڕەحەتی.

 

- مەساجکردن و شێلان.

- وەرزشی ئاسان و سادە: ھەندێک وەرزشی ئاسان یارمەتی کەمکردنەوەی ماندووبوونی قاچەکان دەدەن، بۆنموونە: دانانی تۆپێکی تێنس لەژێر پێیەکاندا و جوڵاندنی، قولەپێت بجوڵێنە بەشێوەی میللی کاتژمێر، یان ھەوڵبدە لەسەر زەوییەکە بازنەیەک بکێشیت. دەتوانیت ئەم وەرزشە بکەیت لە کاتێکدا دانیشتویت یان بەسەر پێوەیت، قاچەکانت بەرزبکەرەوە یاخود سکوات ئەنجامبدە، کاتێک بەسەر پێوەیت ھەوڵ بدە لاسەر پەنجەی پێیەکانت خۆت بەرزبکەیتەوەو دووبارە پێیەکانت دابەزێنیتەوە بۆ زەوی.