هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە و ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی ئاو بۆ کەرتی غەززە
نوسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) پشتڕاستی کردەوە کە تیمە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززە پێویستیان بە پاراستن و پشتیوانیی بەپەلە هەیە.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەردەوامی شەڕی کەرتی غەززە و خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە چوونی سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە، ئابڵوقە و داخستنی پەڕینەوە بۆ یارمەتییە مرۆییەکان و فریاگوزاری و پزیشکییەکان و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە.
ڕۆژی ٢٧ی ئادار، هێزەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەهۆیەوە ١٠ کەسی مەدەنی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
هێزەکان ماڵێکیان لە نزیک زانکۆی کراوەی قودس لە ڕۆژئاوای غەززە کردە ئامانج و بەهۆیەوە هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، هێرشێکی دیکە بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی سەفتاوی ڕۆژئاوای شارەکە بووە هۆی کوژرانی ٧ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل کارەبا و سووتەمەنی و ئاو بۆ کەرتی غەززە دەبڕن، داواش دەکەن ڕێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگوازرێتەوە بۆ خەڵکی مەدەنی بۆ ئەوەی ژیانیان ڕزگار بکەن.
هاوکات وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا پشتڕاستی کردەوە کە ژینگەی پێویست بۆ مانەوەی خێزانەکان کەمتر دەبێتەوە لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی نوێی چۆڵکردنی ڕۆژانە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١٤٢هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئاوارەبوون.
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) لە فەلەستین ڕایگەیاند کە تیمە پزیشکییەکان لە غەززە "ماندووبوون" و پێویستیان بە پاراستن و پشتیوانیی بەپەلە هەیە، ڕاپۆرت هەیە کە پشتڕاستی دەکاتەوە کە کارمەندانی پزیشکی و ئەمبولانس و نەخۆشخانەکان تووشی هێرش بوون، کەس پاریزراو نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەر شەپۆلێکی ئاوارەبووندا، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، ئاوی خواردنەوە و چاودێری تەندروستی لەدەست دەدەن، لە نێوان ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا کانوونی دووەمی ئەمساڵ٩٠٪ی دانیشتووانیغەززە لانیکەم جارێک ئاوارە بوون.
ڕوونیشی کردەوە کە داخستنی ئەو دەروازانەی کە بەرەو غەززە دەچنە سەر غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆ کاڵاکان پێی ناوەتە هەفتەی چوارەمەوە، هۆشداریشیدا لەوەی ڕێگریکردن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەتوانێت ڕێگری لە ئەرکە گرنگەکانی وەک بەدەستهێنانی پێداویستییە سەرەتاییەکان یان پڕکردنەوەی سووتەمەنی بۆ نانەواخانەکان بکات.