ژنان بەرکەوتەی لێکەوتەکانی ڕێگای مەرگن
چالاکوانان و کەسوکاری گیان لەدەستداوان لەسەر ڕێگای کەلار-دەربەندیخان گردبوونەوە و داوایانکرد ڕێگاکەیان بۆ تەواو بکرێت و چیدیکە کەسوکاریان نەبنە قوربانی ڕێگای مەرگ.
گەرمیان
ئێوارەی دوێنێ لەسەر ڕێگای هاتووچۆی کەلار-دەربەندیخان و لە نزیک گوندی حەسەنە گەورە، کە بە ڕێگای مەرگ ناسراوە، بەشێک لە چالاکوانان و هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەکانی گەرمیان و شارەزوور گردبوونەوە و وێنەی ئەو کەسانەیان بەرز کردەوە کە لە ڕێگای مەرگدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم گردبوونەوەیە لە کاتێکدایە، لە ١ی مانگدا پێنج پێشمەرگە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە لەو شوێنەدا گیانیان لەدەستدا.
سروشت هەڵەبجەیی، پارێزەر، لە گردبوونەوەکەدا بەشداری کردووە و ئاماژەی بەوەدا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بەشداری گردبوونەوەکەی کردووە، "وەک ژنێک هاتووم چونکە تەواوی قوربانیان ژنن، چونکە ئەگەر دایکە کوڕەکەی لەدەستدەدات، ئەگەر ژنە، هاوسەرەکەی و ئەگەر خوشکە براکەی لەدەستدەدات، داواکارم هەموو ژنان بێنە ئێرە و نارەزایەتی دەرببڕن، تاوەکو ئەم ڕێگایە چاک بکرێت و حکومەت بەرپرسیار بێت و بێنە خەت ئیتر کۆتا بە مەرگ بێت.
لە گردبوونەوەکەدا کەسوکاری گیان لەدەستداوان و چالاکوانان هیواخوازن بتوانن ئەم ڕێگایە تەواو بکرێت تا لە ٧٥٠ گیان لەدەستدان و بریندار زیاتر نەبێت، مهاباد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی پەنای کار، وتی: سەرجەم ئەم ڕووداوانە لێرەدا ڕوویانداوە ژنی تێدا بووە، ئەوەشی گیانی لەدەستنەدابێت، بریندار بووە کە ژیانکردن بە خاوەن پێداویستی تایبەتی زۆر قورسترە، بۆیە هیواخوازین هەرچی زووترە دەسەڵات بێتە خەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیان و کەم کردنەوەی مەرگی هاوڵاتیان.
جووتسایدكردنی ڕێگای كەلار-سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تائێستا تەواونەبووە، بەپێی ئامارەکانیش تەنها لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٥٠ كەس لەسەر ڕێگاکە گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٥٠٠ کەسیش برینداربوون.