هیومان ڕایتس وۆچ: ئامانجی ڕژێمی ئێران لەو ڕەشبگیریانە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی جەماوەریە
هیومان ڕایتس وۆچ، لە بارەی چڕکردنەوەی فشارەکانی دەوڵەتی ئێران و ڕەشبگیریی سەر ژنان و چالاکوانان هاتنە دەنگ و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستیان هەبێت.
ناوەندی هەواڵ- بە نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی ڕاپەرینی "ژن، ژیان، ئازادی" کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی ڕەوشتی دەستیپێکرد، ھێزەکانی ڕژێمی ئێران فشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی، سیاسی و بە تایبەتی ژنان، هەروەها پێکهاتەکان لەوانەش بەهاییەکان، خوێندکاران و توێژە جیاجیاکان چڕ کردووەتەوە، هەروەها هەڕەشە لە بنەماڵەکان کراوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێوڕەسمی یادکرنەوە بۆ ڕۆڵەکانیان بگێڕن.
سەبارەت بەو بارودۆخە، نووسینگەی بەیروتی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاگەیەنراوێکدا، وێڕای شەرمەزارکردنی فشارەکانی ڕژێمی ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ئەو پرسە بخەنە بەرنامەی کاریانەوە و هەڵوێستیان هەبێت.
"ئامانجییان لەو ڕەشبگیریانە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی جەماوەریە"
سپێهری فەر لێکۆڵەری باڵای کاروباری ئێران لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، سەبارەت بە دەستگیرکردنی ١٢ ژنە چالاکوان لە پارێزگای گیلان، کە ڕۆژی 16ی ئاب، لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، وتی: ئامانجیان لەو ڕەشبگیریانە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی جەماوەریی بەرامبەر پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانیانە، کاربەدەستانی هەواڵگریی و دادوەریی ئێران بە گشتیی لە دادگاکان، کە تێیاندا پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاو ناکرێت، تۆمەتی ناڕوونی ئەمنیی ئاڕاستەی چالاکوانان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تاران جگە لە دەستبەسەرکردنی ئەو ژنە چالاکوانانە، چالاکوانانی دیکەشیان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بانگهێشت کردووە و سەرکوتی بەهاییەکانیان چڕتر کردووەتەوە، هاوکات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیان لەدەستدراوانی خۆپیشاندانەکان کردووە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک مەراسیمی یادکردنەوە ڕێکبخەن.