بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکی بۆ ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین بڵاوکردەوە
بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتیدەکەنەوە بەردەوامن لە خەبات بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژئاوا و دژی هەموو ئەو هەوڵانەن کە زیانی گیانی و ماددی بە ڕۆژئاوای کوردستان دەگەیەنێت.
ناوەندی هەواڵ
١٨ی ئادار شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی هەرێمی عەفرینە، دەوڵەتی تورکیا بە ٧٢ فڕۆکەی جەنگی هێرشی دڕندانەی کردە سەر عەفرین، گەلەکەی بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیانکرد بە خەباتێکی ٥٨ ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی دووەمی ناتۆ، لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی داگیرکاریدا، هەزاران ڕووداوی دڕندانە لە عەفرین ڕوویدا.
لە شەس ساڵ پێش ئێستاوە تا ئێستاش گەلەکەی کۆمەڵکوژ دەکرێن، دەڕفێندرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا، لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، تاڵانکردنی شوێنەکانی، سەپاندنی زمان و کولتووری تورکی، وێرانکردنی گۆڕستان و کڵێسا و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجام دەدرێت.
بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
دەقی بەیاننامەکە؛
شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو گروپە تیرۆریستیەکانەوە بەتوندی شەرمەزار و ڕسوا دەکەین، بەرلە شەش ساڵ پێش ئێستا دیمەنەکانی شەڕمان لەبەرچاوە کە بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە دەوڵەتی تورکیا و گروپە تیرۆریستەکان هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراویان لەسەر دانیشتوانی سڤیلی عەفرین و سروشتەکەی تاقی کردەوە، تاوانی جۆراو جۆری جەنگیان ئەنجامدا و دواجار دوای بەرگریەکی درێژخایەنی قارەمانانەی چاوەڕوان کراو ٥٨ ڕۆژی خایاند و عەفرین داگیرکرا.
دەوڵەتی تورکیا و گروپە تیرۆریستیەکان شەش ساڵە بەچڕی لەهەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تێکدانی سروشتی عەفرین بەردەوامن، ڕۆژانە تاوانی جیاجیا بەرامبەر بە ئەو ژمارە لەخەڵکی عەفرین ئەنجام دەدەن کە لە ناوچەکە ماونەتەوە، ساڵانەش لەکاتی نزیک بونەوەی یادی داگیرکاریەکەدا هاوڵاتیانی سڤیل دەکەنە ئامانج و شەهیدیان دەکەن، لە نوێترین تاوانیشدا چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکانەوە هاوڵاتیەکی دانیشتوی جەندرێس بەناوی 'ئەحمەد خالید' دوور لە پێوانە ئەخلاقیەکان شەهید کراو دواتر بۆ داپۆشینی کردەوە نامرۆڤانەکەیان کردویانەتە ناو بیرێکی ئاوەوە.
لەلایەکی ترەوە بۆردومانی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا و کردەوە تیرۆریستیەکانیان بۆ شەهید کردنی هاوڵاتی سڤیل و بۆردومانکردنی دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان شەرمەزار و ڕسوا دەکەین، داوا لە کۆمەلگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی دەکەین کە چیدی ڕێگە بە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا نەدەن لەسەر ئەم کارانەی بەردەوام بێت.
ئێمە وەکو بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەر لەسەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پاڵپشتی سەرخستنی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان بوین، دووپاتیدەکەینەوە بەردەوامین لە خەبات بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژئاوا و دژی هەموو ئەو هەوڵانەین کە زیانی گیانی و ماددی بە ڕۆژئاوای خۆشەویست دەگەیەنێت، لەشەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شاری عەفریندا وێرای بەتوندی ئیدانەکردنی داگیرکاری داوا لە لایەنە سیاسیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەین و بیریان دەخەینەوە دۆزی ڕەوای کورد لەهەر پارچەیەکی کوردستان هەبێت پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەسەر هەموو کوردەوە دەبێت، ئێستاش کاتی یەکڕیزی و یەکێتیی نەتەوەییە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکان و ئازادکردنی شاری عەفرین.
بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان ١٨ی ئاداری ٢٠٢٤