حەوتەمین کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانی کە لە ٣٧٠ خێزان پێکهاتوون بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە
بە بەشداری ٣٧٠ خێزانی کامپ و پەناگە لە شاری حەسەکە، حەوتەمین کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانی بەرەو ناوچە ڕەسەنەکانیان بەڕێکەوتوون، ئەمەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە ڕێکخراوەکانی گەڕانەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ئازاری خێزانە کۆچبەرەکانە.
ناوەندی هەواڵ
لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەمی ڕابردوو کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە دۆسیەی کۆچبەران، لیژنە هاوبەشەکان بەردەوامن لە سەرپەرشتیکردنی کاروانەکانی گەڕانەوەی ڕێکخراو بۆ هەزاران کۆچبەر لە کامپەکان و مەڵبەندەکانی داڵدەدان لە شارۆچکەی حەسەکە بەرەو ماڵەکانی خۆیان.
لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ ناوچەکانییان، ئەمڕۆ ٤ی تشرینی دووەم کاروانی حەوتەم بۆ کۆچبەرانی و سەرێکانی بەڕێکەوت کە ۳۷٠ خێزان لەخۆدەگرێت، بەرەو ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لە ۷٥ گوندی دەوروبەری شارەکە.
پرۆسەی گواستنەوە و دابینکردنی ئاسایش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت بە هەماهەنگی لە نێوان لیژنەی کۆچبەران و لایەنە حکومییەکان، هاوڕێیە لەگەڵ هەوڵە خزمەتگوزارییەکان بۆ چارەسەرکردنی پاشماوەکانی جەنگ و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی.
ئەم کاروانە وەک تەواوکارییەک هات بۆ پرۆسەکانی گەڕانەوەی ڕێکخراوی بەدوایەکداهاتوو لە ناوچەکەدا، بەوپێیەی کاروانی یەکەم لە دەی ئابی ڕابردوودا بەڕێکەوت و نزیکەی ٤٠٠ خێزانی لەخۆدەگرت، بەدوایدا کاروانی دووەم لە هەشتی ئەیلوولی ڕابردوو هات، کە زیادبوونێکی لە ژمارەکاندا بەخۆوە بینی و نزیکەی ۷٠٠ خێزانی لەخۆگرت.
کاروانی سێیەم سێ هەزار و ٢٤٢ کەسی لەخۆگرت، کە دابەشبوون بەسەر ٥۱۱ خێزان لە کۆچبەران کە بە شێوەیەکی کاتی لە کاپمی "واشۆکانی" و مەڵبەندەکانی داڵدەدان لە ناو قوتابخانەکانی حەسەکەدا دەژیان، کە بڕیاردرا بەسەر گەیشتنیان دابەش بکرێن بۆ نیشتەجێبوونەوە لە چەندین شارۆچکە و گوند لە گوندەواری باشووری شارۆچکەی سەرێکانی.
کاروانی چوارەم کە لە ٨ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو بەڕێکەوت نزیکەی ٥۱٤ خێزانی لەخۆگرتبوو (بە کۆی گشتی چوار هەزار ٥٨٤ کەس)، و لە ١٣ی هەمان مانگدا کاروانی پێنجەم بەڕێکەوت کە ۳۸۲ خێزانی لەخۆگرتبوو و ڕوویان لە گوندەکانی دەوروبەری شارەکە کرد، لە کاتێکدا کاروانی شەشەم زیاتر لە ٦٤٠ خێزانی لەخۆگرتبوو (بە کۆی گشتی چوار هەزار و ٥٤ کەس) لە دانیشتووانی سەرێکانی کە نیشتەجێی کامپەکانی "نەورۆز" و "واشۆکانی" بوون لە حەسەکە، ڕوویان لە ماڵەکانی خۆیان کرد لە ٢١ی هەمان مانگدا.
بڕیاریشە بەیانی دەستەی هەشتەم بەڕێبکەوێت، هەروەها دەستەی نۆیەم لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا بەڕێبکەوێت، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی نزیکەی هەزار خێزان، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندا بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم کۆچبەران بۆ ماڵ و زەوییەکانییان پێش هاتنی وەرزی زستان.