هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە فێستیڤاڵی فیلمی ”فجر” دەکشێنەوە
ژمارەیەک هونەرمەندی سینەما لەوانە هودا زەین عابدین و سارا ئەسەدوڵاهی لە فێستیڤاڵی فیلمی ”فجر” کشانەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنی خۆپیشاندەران و هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری ئەو قوربانیانەی کە ئازیزانیان لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
فێستیڤاڵی فیلمی ”فجر” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای ئەوەی چەند ئەکتەر و دەرهێنەرێک لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند، ئەمەش دیالۆگێمت لەسەر پەیوەندی نێوان هونەر و ڕاستی، ئازادی ڕادەربڕین لەناو دیمەنی کولتووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لێکەوتەوە.
دوابەدوای کوشتن و سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، زۆرێک لە هونەرمەندان و ئەکتەرانی سینەما و تەلەفزیۆنییە ئێرانییەکان سەرەخۆشی خۆیان بۆ خێزانی قوربانییەکان دەربڕی، هەروەها بەشێکی زۆریان ئامادە نەبوون بەشداری بکەن و بایکۆتیان لە فێستیڤاڵی فیلمی ”فجر” کردووە کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت.
هودا زەین عابدین، ئەکتەر کشانەوەی خۆی لە فێستیڤاڵی فیلم و میوزیکی ”فجر” ڕاگەیاند، کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش دوای کشانەوەی چەند سینەماکارێکی دیکە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا، کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، وتی: بڕیارەکەی لە ڕێزگرتن لە خێزانە خەمگینەکان و ئەو دایکانە بووە کە چاوەڕێی گەڕانەوەی منداڵەکانیان دەکەن، هەروەها کەشوهەوای باوی خەم و پەژارە لەبار نییە بۆ ئاهەنگگێڕان و هیوای خۆی بۆ ڕۆژانی باشتر دەربڕی.
سارا ئەسەدوڵاهی، ئەکتەر و سینەماکاری دۆکیۆمێنتاری کشانەوەی خۆی لە فێستیڤاڵی فیلمی ”فجر” ڕاگەیاند، لەڕێگەی بڵاوکراوەیەکەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، تیایدا دووپاتیکردەوە، کە بڕیارەکەی لە ڕێزگرتن لە دایکانی خەمبار و ئەو خوێنەیە کە ڕژاوە، هەروەها ئەو گەنجانەی کە خەریکە گەورە دەبن، لە کۆتایی ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو لایەنگری گەل نییە، بەڵکو خۆی گەلەکەیە.