بە مەراسیمێک بەهرەی ژنانی هەڵەبجە نیشاندرا

پرۆژەی پاڵپشتیکردن لە بەهرەی ژنان و یەکگرتوو کۆمەڵایەتی لە هەڵەبجە کۆتایی هات.

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ لە پارکی شاری یاری هەڵەبجە، مەراسیمێک بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دووەمین پرۆژەی ڕێخکراویDHRD  ڕێکخرا، مەراسیمەکە بە پاڵپشتی دارایی ڕیکخراوی IOM، کە پێک هاتبوو لە پڕۆژەی پینج ژنی خاوەن بەهرە، بەڕێوەچوو.

 

شلیر غەریب، جێگری بەڕێوەبەر لە ڕێکخراوی DHRD باسی لە گرنگی ئەم پرۆژەیەی کرد وتی: بۆ دووەمین جارە ئەم پڕۆژەیە لە شاری هەڵەبجە ئەنجام دەدەین و بەو هیوایەین لە ساڵانی ڕابردووشدا ئەنجامی بدەینەوە، جگە لەوە ئامانجمانە چالاکییەکانی هەڵەبجە بەرەوپێش ببەین بە تایبەت لەسەر پرسی نەهێشتنی توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، هەروەها کەمکردنەوەی ئەو نەریتە چەقبەستوانەی تا ئێستا لە کۆمەڵگەدا ماون.

 

لە درێژەی قسەکانیدا شلێر غەریب، باسی لەوەکرد ژنان لەم پڕۆژەیەدا بە بیرۆکەی جیاواز بەشداربوون، یەکێک لەو بیرۆکانەش بیرۆکەی هونەری بوو، دەڵێت: هەوڵ و بەهرەکانی ژنان لە شاری هەڵەبجە بووەتە هۆکارێک کە بیسەلمینن ژنانی ئەو ناوچەیە خاوەن داهێنانن، خاوەن بیر و فکری خۆیانن و هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.