هەرانا: لە ماوەی ٣٣ ڕۆژدا شەش هەزار و ٩٢ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون

ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ ''هەرانا'' بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٣٣ ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم شەش هەزار و ٩٢ کەس کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

 بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانای مافی مرۆڤ ''هەرانا''، لانیکەم شەش هەزار و ٩٢ خۆپیشاندەر کە ١١٨یان منداڵ بوون، لە کاتی ناڕەزایەتییەکان کوژراون، کۆی گشتی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە شەش هەزار و ٤٧٩ کەس.

 

''١١هەزار و ٢٠ کەس بە سەختی بریندار بوون''

بەگوێرەی داتاکانی "هەرانا" لە خۆپیشاندانەکاندا، ١١ هەزار و ٢٠ کەس بە سەختی بریندار بوون، هەروەها ڕاگەیاندراوە کە تا ئێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لەسەر گیانلەدەستدانی ١٧ هەزار و ٩١ کەس، بەپێی زانیارییەکان هێشتا لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ١٧ هەزار و ٩١ کەس بەردەوامە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢٨١ کەس بە زۆرەملێ بە ناونیشانی "دانپێدانان"دا وێنە گیراون و ئەم گرتە ڤیدیۆیانەش لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی بڵاوکراونەتەوە، ڕاگەیەندراوە کە لێکۆڵینەوە بۆ ١١ هەزار و ٢٧ کەس کراوەتەوە، کە بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە ناڕەزایەتی شەقامەکان تاڕادەیەک کەمبووەتەوە، بەڵام دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن بەردەوامە، هەروەها ڕاگەیاندراوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ٧٠٦ کەس لە شارەکانی دێزفول، یەزد، بۆروجێن، بۆروجێرد و نور ڕاگیراون، پۆلیسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی فەراجا بڵاویکردەوە، لە ٢٨ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا ٣٢٧ خۆپیشاندەر لە سەرانسەری وڵاتدا دەستگیرکراون، هاوکات بەڕێوبەرایەتی ئیتلاعاتی پارێزگای هۆرمۆزگان ڕایگەیاندووە، کە ٦٥ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەرکراون.

 

لە ڕاپۆرتی ''هەرانا'' ئاماژە بەوە کراوە ،کە ڕژیم ئەو بریندارانەش دەکاتە ئامانج کە چارەسەر وەردەگرن، بەگوێرەی ئەو زانیارییە، زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی بریندار لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی چاو لە تاران چارەسەریان بۆ کراوە.