"هەموو سوورییەکان دەیانەوێت لە ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا بژین"

ژنانی عەرەب ڕایانگەیاند، سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ مافەکانی ژنان و پیاوانی سووریا و درێژەپێدەری سیاسەتی نکۆڵی و ڕەتکردنەوەیە، هەموو سوورییەکان دەیانەوێت لەژێر چەتریخۆبەڕێوەبەریدا بژین.

ڕۆنیدا حاجی 

 

حەسەکە-لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەناراوەکانی سوریا شایەتی پەرەسەندنی مەترسیداری شەڕەکان بووە. خۆپیشاندانەکانی دەربڕینی داواکاری مەدەنی لەلایەن هەتەشەی جیهادییەوە سەرکوت دەکرێن. ئەم ڕووداوانە شەپۆلێکی ئیدانەکردنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لێکەوتەوە. ژنانی پێکهاتەی عەرەب لە ڕێگەیئاژانسەکەمانەوە ناڕەزایی خۆیان لەم ڕووداوانە دەربڕی.

 

ئەمیرە حەمود ڕایگەیاند کە هەتەشە سیناریۆی ڕژێمی بەعس دووبارە دەکاتەوە و وتی: ئەوەی ئێمە بە گشتی دەیبینین و ڕووبەڕووی دەبینەوە لە سووریا ئەوەیە کە ئەمڕۆ سوورییەکان داوای فیدراڵی و ئاشتی لە گۆڕەپانەکاندا دەکەن و ئەمەش مافی خۆیانە، بەڵام دەبینین کە هەتەشەی جیهادی هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی کە داوای مافی خۆیان دەکەن، ئەمڕۆ ئێمەی سوورییەکان نامانەوێت سیناریۆی ڕژێمی بەعس دووبارە بکاتەوە، ئامانجی هەتەشە بەم هێرشانە بۆ سەر خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانە بۆچوون و داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە ڕەتدەکاتەوە.

 

"لامەرکەزیەت چارەسەری قەیرانی سووریایە"

ئەمیرە جەختی لەوە کردەوە کە گەلی سووریا چیتر ئەو دەسەڵاتە قبوڵ ناکات و لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: گەلی سووریا ساڵانێکە بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازاد شەڕیان کردووە و بەرخۆدانیان کردووە؛ بۆیە ئێمە ئەم هێرشانە قبوڵ ناکەین، حکومەت دەبێت داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات و ڕێز لە داواکارییەکان بگرێت بۆ ئەوەی سووریایەکی دیموکراتیک و لامەرکەزی بونیاد بنێت.

 

"سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن قبوڵ ناکرێت"

سوعاد عەبدوڵا جەختی لەوەکردەوە کە سووریا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئەو پێشێلکاریانەی لە سوریا ڕوودەدەن درێژەپێدەری سیاسەتی سەرکوت و نکۆڵی بەرامبەر بە ناکۆکی و سەپاندنی پاوانخوازییە، هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی کە داوای مافەکانیان دەکەن، سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنە، ئەمە بۆ سووریا لە سەدەی بیست و یەکدا کە لەلایەن ژنانەوە پێشنەگایەتی دەکرێت  قبوڵکراو نییە.

 

"هەموو سوورییەک دەیەوێت لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا بژی"

سوعاد هیوای خواست ساڵی ٢٠٢٦ ساڵی ئارامی و ئاسایش بێت بۆ هەموو سوورییەکان و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهەشتێکی بچووکە لەناو سووریادا، هەموو سووریاییەکان هێز و بەرخۆدان لە دژی ستەم لێیان وەردەگرن، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بە ئارامی و یەکگرتوویی دەژین، بۆیە هەموو سوورییەکان داوای ژیان لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەرییدا دەکەن.