هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ ٨٧هەمین هەفتەی لەسەریەک بەردەوامە

هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ ٨٧هەمین هەفتەی لەسەریەک لە ٥٢ زیندانی ئێران بەردەوامە، بەشداربووان ڕەتکردنەوەی بەردەوامی خۆیان لە سیاسەتەکانی لەسێدارەدانی سەرکوتگەرانە دووپاتکردەوە.ا

ناوەندی هەواڵ

 

پەرەسەندنی سیستماتیکی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، گوزارشت لە سیاسەتی تۆقاندنی ڕژێم، هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکانی داوای ئازادی و دادپەروەری، هەروەها ژمارەی شۆککەری لەسێدارەدان جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی کردەوەی نێودەوڵەتی دەکاتەوە.

 

هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" درێژەی هەفتەی ٨٧ی خۆی ڕاگەیاند و بەشداربووان لە ٥٢ زیندان لە سەرانسەری ئێران مانیان لە خواردن گرت، هەروەها بەشدارانی هەڵمەتەکە ڕاگەیاندراوێکیان لەسەر بەرزبوونەوەی بێوێنەی ژمارەی لەسێدارەدانەکانیان لە ئێران جەختی لێ کردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەفتەی ٨٧ی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان"دا لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە مۆتەکەی تیرۆر و سەرکوتکردن بەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئێراندا دەسوڕێتەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا شاهیدی زیادبوونی بێ وێنە بووین لە ژمارەی لەسێدارەدانەکان، کە بە لانیکەم ٤٦ حاڵەت تۆمارکراون، کە تێیاندا دوو ژن و شەش کەسی بەلووچ بوون، ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ماوەی مانگەکەدا گەیشتووە ١٨٦ کەس کە حەوت ژنیان تێدایە”

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە لەسێدارەدانی دڕندانەی ئەندامێکی هەڵمەتی "نا بۆ مەرگ" کە بە تۆمەتی بەشداری لە ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی لە ئێران دەستبەسەر کرابوو، نمونەیەکی ئاشکرای پێشێلکارییە توندەکانی مافی مرۆڤ و مامەڵەی خراپە کە لە لایەن ڕژێمی دەسەڵاتدارەوە ئەنجام دراوە، ئەو سزایە بەبێ ئەوەی ڕێگەی پێبدات کۆبوونەوەی کۆتایی لەگەڵ خانەوادەکەیدا جێبەجێ بکات ئەنجام دراوە، کە ئەمەش ڕووداوەکەی هێندەی تر کارەساتبار و ئازاربەخشتر کرد، هەروەها ڕفاندنی باباک شەهبازی لە زیندان بەهۆی لەسێدارەدانی نهێنییەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و دانیشتنی هاودەستگیرکراوەکانی لێکەوتەوە و ڕەتکردنەوەیان بۆ ئەو کارە سەرکوتگەرانە دەربڕی.

 

 جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەسەڵات لە لایەک بەڵێنی "لێخۆشبوون" بۆ زیندانییەکان دەدات، لە لایەکی دیکەشەوە بە زیادکردنی ژمارەی لەسیدارەدانەکان هەفتانە، ڕاستی تاڵ و نامرۆڤانەی خۆیان ئاشکرا دەکەن، ئەمساڵ لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکان، مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندەوار و پێشکەوتنخواز جارێکی دیکە لە پێشەنگی خەباتی ئازادی و یەکسانیدان، گەنجانی ئێران کابوسی ئەم ڕژێمەن و لە هەموو قوتابخانە و زانکۆیەکدا، چالاکوانان بە توندی وەستاون بۆ بەردەوام بوون لە کردنی قوتابخانە و زانکۆکان بە ناوەندی بەرخۆدان و دەنگێک بن بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی نامرۆڤانە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان.

 

بەشدارانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بانگەوازیان بۆ هاوڵاتیانی ئازادیخوازی ئێران و هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە توندوتیژ و نامرۆڤانەدا ئیتر بژاردە نییە، وتی: دەبێت هەموو هەفتەیەک دەنگمان لە هەموو نادادپەروەری و دڕندەیەک بەرزتر بێت، هەموو سێشەممەیەک هەڵدەستین بۆ داواکردنی دادپەروەری و بەرگریکردن لە ژیان و یادکردنەوەی قوربانیانی لەسێدارەدان، هەروەها ژیان مافێکی بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە، لەسێدارەدانیش کارێکی ناڕەوای توندوتیژییە بەرامبەر بەم مافە.

 

ئەندامانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوول لە هەفتەی ٨٧ی هەڵمەتەکەدا دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن، کە زیندانیە بەشداربووەکان بریتین لە زیندانی ئێڤین، زیندانی قەزڵ حسار (یەکەی ٣ و ٤)، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی فەردیس، کەرەج، زیندانی تارانی گەورە، زیندانی قەرچەک، زیندانی مهاباد، زیندانی بۆکان، زیندانی سەقز، زیندانی بانە، زیندانی مەریوان، زیندانی سنە، زیندانی کامیاران و چەندانی دیکە.