هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی پرسی ژنان لە داواکاری مافەکانەوە بۆ مسۆگەی دەستووری دەستیپێکردووە

ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاواو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی فراوانیان دەستپێکرد بە ئامانجی گواستنەوەی پرسی ژنان لە چوارچێوەی داواکاری مافەکانەوە بۆ ئاستی مسۆگەری دەستووری.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ-بە بەشداری ٢٦ ڕێکخراو و زیاتر لە ٣٠٠ ژن لە پێکهاتەی جیاواز، تەڤگەرەکانی ژنانی سنوور بەزاندنی داوای دەستوورێکی دیموکراتیکی سووریای کرد کە مسۆگەری هاوبەشی یەکسان بکات و ڕێگری لە پەراوێزخستنی ژنان بکات لە کاتی بونیادنانەوەی دەوڵەتدا و دانپێدانانی یاسایی بە ڕۆڵی ژنان لە پاراستن و دەسەڵاتداری و بڕیارداندا بچەسپێنێت.

 

بە سەرنجدان بە بەردەوامی نەبوونی گەرەنتی دەستووری ڕوون، ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاواو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتییان دەستپێکرد کە هەوڵی چەسپاندنی دەستکەوتەکانی ژنان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی داهاتوودا بوو. ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی گواستنەوەی پرسی ژنانە لە پەراوێزی مشتومڕی یاساییەوە بۆ ناوەندی داڕشتنی داهاتووی سیاسی سووریا، بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونانەی کە لە شەڕدا بەدەستهاتوون و بوونی ژنانیان لە پاراستن و دەسەڵاتداری و و بڕیاردان چەسپاندووە.

 

لە ١٨ی شوبات، ڕێکخراوەکانی ژنان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی نێودەوڵەتی ژنانیان ڕاگەیاند، بە بەشداری ٢٦ دامەزراوە کە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی و ئێزدی دەکەن، هەروەها بە بەشداری زیاتر لە ٣٠٠ ژن، بە ئامانجی دامەزراندنی و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سووریا، هاوتەریب لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەرنامەی بۆنە و ئاهەنگەکانی ٨ی ئادار کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی”.

 

لە ڕاگەیاندراوی دامەزرێنەردا هاتووە: قۆناغی ئێستا سەرەڕای پێوەرە سیاسییە نوێیەکان، هێشتا کراوەیە بەڕووی ئەگەری مەترسی، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێککەوتنانەی کە گەرەنتی ئاشکرای مافەکانی ژنانیان لەخۆ نەگرتبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تەڤگەری ژنان ڕێڕەوی خەباتی سیاسی و یاسایی بەرزبکاتەوە، هەروەها بانگەوازێک ئاراستەی هێزە دیموکراتیکەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی چالاک لە دۆسیەی سووریادا بکات بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە پاراستنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە پەراوێزخستنی ژنان.

 

هاوبەشی یەکسان مەرجی پێشوەختە بۆ سەقامگیری سووریا

ڕوکەن ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کۆنگرەی ستار ڕوونیکردەوە کە هەڵمەتەکە لە "تێگەیشتنێکی قووڵەوە" سەرچاوە دەگرێت کە گۆڕانکارییە سیاسییەکان زۆرجار هاوسەنگی هێز لەسەر حسابی ئەوانەی کە زۆرترین چالاکانە بەشدارن لە پاراستنی کۆمەڵگەدا، سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە. بوونی ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە پاراستنی کۆمەڵگەدا کردووە، ناتوانرێت لە چوارچێوەی هێمایی یان کۆمەڵایەتیدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە ڕووی دەستوورییەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی دەوڵەتی داهاتوو بچەسپێنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان لە ڕۆژئاوا وەک درێژکراوەیەکی نەریتی ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی نەچوونەتە ناو کایەی گشتی، بەڵکو وەک ئەکتەری سەروەر کە بەشدارییان لە پاراستنی سەربازی و ئیدارەی مەدەنی و بڕیاردان کردووە، ئەمەش وایکردووە مسۆگەرکردنی مافەکانیان لە دەستووری نوێی سوریادا پرسێکی شەرعیەتی سیاسی بێت نەک داواکارییەکی تائیفی، ئ هەر دەستوورێک دان بەم ڕاستییەدا نەنێت، وەک دەستوورێک کە شەرعیەتی کۆمەڵایەتی نییە دەمێنێتەوە.

 

ڕوکەن ئەحمەد ئەوەشیخستەڕوو، ڕێککەوتنە سیاسییەکانی ئەم دواییە نیگەرانییەکانیان بە تەواوی نەڕەواندووە، چونکە ئەگەری پەراوێزخستن لە ڕێگەی یەکگرتنی کارگێڕی و داڕشتنەوەی دامەزراوەییەوە ماوە، هۆشداریشیدا لەوەی کە ناوەندگەرایی لەژێر هەر پەردەیەکدا بێت، بەشداری ژنان کەمدەکاتەوە و ئەزموونی دیموکراسی لە جەوهەری خۆی بەتاڵ دەکاتەوە.

 

"ژنان بەشدارییان لە پاراستن کردووە"

وتیشی: هاوبەشی یەکسان مەرجی پێشوەختە بۆ سەقامگیری سووریا نەک وردەکارییەکی دانوستان، ژنان لە ڕۆژئاوا نەک هەر لە ژیانی مەدەنیدا بەڵکو لە شەڕ و دامودەزگا سیاسییەکان و ئۆرگانەکانی هاوسەرۆکایەتیشدا بەشدارییان کردووە، کە نوێنەرایەتی نزیکەی نیوەی هێزی کار دەکەن، ئەوان بەشدارییان کردووە لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە سەربازییەکان و شەڕی بە وەکالەت، جگە لە پێشنەگایەتی کردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری و چاودێریکردنی ئاوارەکان و داکۆکیکردن لە گەڕانەوەیان بە پارێزراوی،  ئەمە ڕۆڵێکی بنەڕەتییان پێدەبەخشێت لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا.