هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن لە کەرتی ڕۆژئاوا ٦٠ کەسی کردە ئامانج کە ژن و ڕۆژنامەنووسێکیان تێدایە

لە نێو ئەو پەرەسەندنە بەردەوامەی دژ بە گەلی فەڵەستینە، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد و لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی لە نێویاندا ژن و ڕۆژنامەنووسێک دەستبەسەرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنیان لە کەرتی ڕۆژئاوا دەستپێکرد و ٦٠ هاوڵاتی مەدەنییان دەستبەسەرکرد، لەنێویاندا ژن و ڕۆژنامەنووسێک.

 

یانەی زیندانیانی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، هێزە ئیسرائیلییەکان لە ئێوارەی ١٥ی شوباتەوە تا بەرەبەیانی ١٦ی شوبات هەڵمەتێکی بەربڵاوی دەستگیرکردنیان لە ناوچە جیاوازەکانی کەناری ڕۆژئاوا بەڕێوەبردووە، ئەو هەڵمەتە کە لێپرسینەوەی مەیدانی لەخۆگرتبوو، لە ئەنجامدا، بە لانیکەم ٦٠ کەسی مەدەنی دەستگیرکران کە دوو ژن و ڕۆژنامەنووسێکیان تێدابوو، جگە لە ژمارەیەک زیندانی کە لە ڕێکەوتنەکانی پێشووی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئازادکرابوون.

 

یانەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، ڕوونیکردەوە، کە ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی پەرەسەندندایە کە هێزەکانی ئیسرائیل لەم دواییانەدا ڕایانگەیاندووە، دەستگیرکردنەکان بە تایبەتی لە پارێزگای نابلس چڕبوونەتەوە، لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە زۆربەی ئەوانەی دەستگیرکراون لێکۆڵینەوەی مەیدانییان بۆ کراوە پێش ئەوەی دواتر هەندێکیان ئازاد بکرێن، هەندێکی دیکەشیان لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

 

جەجت لەوە کراوەتەوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە بە خێرایی زیاتر، لە چوارچێوەی ئەوەی کە بە سیاسەتی "تۆڵەسەندنەوەی بەکۆمەڵ" پێناسەی کردووە، کە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی فەڵەستینی دەکەنە ئامانج، لەوانە ژنان، ڕۆژنامەنووسان، خوێندکاران و زیندانیانی ئازادکراو.

 

یانەی زیندانیانی فەڵەستین ڕایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی هەڵمەتەکانیاندا کۆمەڵێک پراکتیزەی سەرکوتگەرانە بەکاردەهێنن، دیارترینیان لێکۆڵینەوەی مەیدانییە، کە بووەتە سیاسەتی پێوەری لە زۆربەی پارێزگاکاندا، خێزانەکان ناچار دەکرێن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، پێش ئەوەی دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردن ئەنجام بدرێت، موڵکەکانیان تێکدەدرێت و لەناودەبرێن.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم تاوانانە تەنها درێژکراوەی ڕێبازی دەیان ساڵەی هێزەکانی ئیسرائیلە، کە ئامانجی تێکدانی بوونی فەڵەستین و سەپاندنی ئامرازەکانی سەرکوت و کۆنترۆڵکردنە، هەروەها گۆڕانکاریە هەرە بەرچاوەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی قڕکردنی ئێستاوە بەرزبوونەوەی ئاست و چڕی ئەو تاوانانە بووە کە بەرامبەر بە دەستگیرکراوان و زیندانیان ئەنجام دەدرێن.

 

شایانی باسە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئەنجامدانی هەڵمەتی دەستگیرکردن لە کەرتی ڕۆژئاوا ڕۆژانە، لە سەرەتای دوایین جەنگی قڕکردنەوە، ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٢٢ هەزار کەس، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەڵکشانێکی بێ وێنەیە لە دژی گەلی فەڵەستین.