هێلین ئومێد: تاکە پێوەری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە چۆنێتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، ڕایگەیاند: ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتیی شەست ملیۆن کورد دەکات، تاکە پێوەری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بریتییە لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ.
ناوەندی هەواڵ
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، لە بەرنامەی تایبەتی مەدیا خەبەردا قسەی کرد و باسی لە ڕووداوە گرنگەکانی کرد.
لە دەستپێکی قسەکانیدا هێلین ئومێد، بە ناوی هەموو هاوڕێیانیەوە خۆشەویستی و سڵاوی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد، وتی: "لە تورکیا ڕۆژەڤی سەرەکیی بریتییە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەمووان هەوڵدەدەن لە قۆناغی هەنووکەیی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێبگەن''.
ئافرێنەری ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە، واتا ئەگەر لە ٢٧ی شوباتەوە هیوایەک هاتبێتە بوون، ئەگەر باسی پرۆسەیەک بکرێت، ئەوە لە سایەی هەنگاو، هەوڵ، ڕەنج و فیداکاریی ڕێبەر ئاپۆیە، بەڵام هەمووان دەڵێن کە دەسەڵاتی تورکیا لەم ڕووەوە هەنگاوێکی جددی نەناوە".
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوە کرد، کە بێجگە لە ڕێبەر ئاپۆ کەس نەیدەتوانی ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکات، وتی: "ئەندازیاری ڕاستەقینەی ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە، هیچ هێزێک نە دەیتوانی کۆتایی بە کار و خەباتی ڕێکخستنی پەکەکە بهێنێت، نە دەیتوانی وابکات چەکەکان دابنرێن، نە دەیتوانی کۆتایی بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداریی بهێنێت، نە هێزێک لە شوێنێکەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر".
هێلین ئومێد تیشکی خستە سەر پرۆسەی تێکۆشانی ٤٧ ساڵە، وتی: "بە تایبەتی لەو ١٠ ساڵەی دواییدا شەڕێکی زۆر قورس ڕوویدا، هیچ نەما کە نەکرێت، پەکەکە لە تاکە سەنگەرێک پاشەکشەی نەکرد، کەس نەیدەتوانی ئەمە بکات، نەیدەتوانی وابکات بکرێت، من بۆچی بە تایبەت باسی ئەم بابەتە دەکەم؟، لەبەرئەوەی لە تورکیا دێماگۆگییەک هەیە. بە تایبەتی لەلایەن دەسەڵاتەوە، مامەڵەیەکی خەمساردانە لەگەڵ پرۆسەکە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەمە، وەکو بڵێی کە دەرفەتێکی لەم شێوەیەیان بەدەستهێناوە، وەکبڵێی تەڤگەری ئازادیی کوردیان کۆتایی پێ هێناوە، وەها ڕەفتاردەکەن، وەک ئەوەی هیچ هێزێکی بەرخۆدەر نەمابێتەوە، هەوڵدەدەن ئەنجامی بدەن و کۆتایی پێ بهێنن، هەم خۆیان و هەم ڕای گشتیی تورکیاش فریودەدەن، هەڵە دەکەن، بانگەواز بۆ هەمووان دەکەم کە جددی بن، بانگەواز بۆ هەمووان دەکەم دڵسۆز بن، بانگەواز بۆ هەمووان دەکەم کە ڕێز لە حەقیقەت بگرن."
''کۆمیسیۆنی ئێستا بووەتە کۆمیسیۆنی کاتکوشتن''
هێلین ئومێد ئاماژەی بە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کرد و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: "سەبارەت بە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان هەندێک قسە دەکرێن، ئێوەش دەزانن کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەسەر داخوازیی ئێمە، بە پێداگریی ئێمە دامەزرا، بەڵێ جەهەپەش داوایەکی لەم شێوەیەی کرد. ئێمە لە ڕابردوودا زۆر جار باسمان لەوە کردووە، کە بۆچی دەمانەوێت لە پەرلەمان کۆمیسیۆن دابمەزرێت. لەبەرئەوەی لەو باوەڕەداین ئەم پرسە، پرسی ناسنامە و هەبوون لە کوردستان، پرسی ئازادی، پرسی ئەنتێگراسیۆنی گەلی کورد لەگەڵ کۆماری تورکیا، تەنها کێشەی سیاسەتی ئاکەپە نییە، بەڵکو کێشەی سیاسەتی تەواوی تورکیایە، هەربۆیە ویستمان، پەرلەمان خاوەندارێتی لەم پرسە بکات و لەبەرئەوە پێداگریمان لەسەر دامەزراندنی کۆمیسیۆن کرد. تاوەکو ئێستا هەندێک کاری کردووە، بەڵام هێشتا ڕوون نەبووەتەوە ئاخۆ کارەکانی کۆمیسیۆن ئەرێنین یان نا، بەکەڵک دێن یان زیانیان هەیە''.
کۆمیسیۆن لە ئێستەدا گۆڕاوە بۆ کۆمیسیۆنی کاتکوشتن و سەرقاڵکردن، بۆچی وا دەڵێم؟، لەبەرئەوەی بەڵێ، کۆمیسیۆن کۆمیسیۆنی گوێگرتن بوو، لە سەرەتاوە ئەرکی خۆی پێناسەکرد. گوتی، گوێ لە لایەنەکان دەگرین، لێکۆڵینەوە دەکەین، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ڕەشنووسێکی یاسایی بۆ پەرلەمان ئامادەدەکەین و پێشکەشی دەکەین، گوێیان لە چینوتوێژە جیاوازەکان گرت، بەڵام گوێیان لە سەرەکیترین بەردەنگ نەگرت، گوێیان لە ڕێبەر ئاپۆ نەگرت، پەکەکە لە کۆنگرەی ١٢هەمین، ڕێبەر ئاپۆی وەکو دانوستانکاری سەرەکی دیاریکرد، وەکو نوێنەری سەرەکی دەستنیشانی کرد، وەکو ئەکتەری سەرەکی ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەی بەرێت، ڕێبەر ئاپۆ هەبێت، بڕیارەکان جێبەجێ دەکرێن و ئەو پرۆسەیە بەرەو پێش دەچێت، ئەمەشی بە کردار نیشاندا، بەڵام سەرنج بدەن؛ کۆمیسیۆن نزیکەی دوو مانگە، من دەڵێم دوو مانگ بەڵام زیاترە کە هەیە، لە ڕۆژەڤدایە، بەڵام هێشتا گفتوگۆ دەکات ئاخۆ بچێتە ئیمراڵی یان نا؟، گفتوگۆ دەکات ئاخۆ پێویستە بچێت یان نا؟، دەگوترێت، لەم چەند ڕۆژەدا بڕیار دەدرێت، کۆمیسیۆن دوایین دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات. کەواتە بۆچی نا؟، پێویستە بە ڕوونی تێبگەین.
''ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتیی ٦٠ ملیۆن کورد دەکات''
وەکو گوتم، ڕێبەر ئاپۆ ئەکتەری سەرەکییە، بەڕێوەبەری سەرەکیی ئەم پرۆسەیەیە، جگە لەو هیچ کەس نەیدەتوانی ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەم پێشکەوتنانە، سەرنج بدەن، خەڵک بە زیرەکیی سیاسیی خۆی دەتوانێت ببێتە وەزیر، دەتوانێت ببێتە سیاسەتمەدار، دەتوانێت ببێتە سەرۆککۆمار، دەتوانێت ببێتە هەر شتێک، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ شتێکی زۆر جیاوازە. هەموو کەسێک ناتوانێت ببێتە ڕێبەر، ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری گەلێکە. پێویستە کەس بەو قسانە ئاڵۆزی دروست نەکات، دۆخەکە پێچەوانە نەکاتەوە، من هۆشداری دەدەم، ڕێبەر ئاپۆ سیاسەتمەدارێکی ئاسایی نییە، کەسێکی ئاسایی نییە، لەوە زیاترە، ڕێبەر ئاپۆ نوێنەری ٦٠ ملیۆن کوردە، وەکو گوتم، ئەگەر کوردان لە تەواوی جیهان هەژمار بکەین، زیاترە، بەڵام نوێنەرایەتیی ٦٠ ملیۆن کورد دەکات، وەکو ڕێبەرێک کە شەڕی هەبوون و ئازادی درێژەپێدەدات، وەکو ڕێبەرێک قبووڵکراوە، ڕێبەرێک کە لەپێناویدا هەزاران مرۆڤ گیانی خۆیان فیداکردووە، هەزاران فیدایی لە ڕیزدان، سەدانیان لە کاتی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، نموونەیەکی وا بهێننەوە، تاکە نموونەیەکیش بوونی نییە.
پێویستە هەمووان بزانن کە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ڕاستیی ڕێبەرێتی بکەن، پێویستە بزانن بە دروستی مامەڵە بکەن. هەندێک هەڵدەستن دەڵێن، گوایە نوێنەرایەتیی هەموو کورد ناکات، دەڵێن "پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ لە کوێوە دێنن؟" ئەوان نوێنەرایەتیی هەموو کورد ناکەن، بەڵێ هەندێک کەسی بە ڕەچەڵەک کورد هەڵدەستن وا دەڵێن، دەیانەوێت لە ڕێی ئەمەوە هەندێک شت بکەن، بەڵام ٥٠ ساڵە ''بە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکەوە'' هەوڵدەدەن تەڤگەری ئازادیی کورد لەناوبەرن، بۆ نموونە، ئەو کەسانەیان گەورەکرد، سیستەمی جەردەوانیان دامەزراند، لە باکوور سوپای جەردەوانەکانیان دامەزراند، لە گۆڕەپانی سیاسیدا نوێنەرانی کوردیان خستە پەرلەمانەوە، تەنها بۆئەوەی تەڤگەری ئازادی گەورە نەبێت، کوردستانی فیدراڵیان پەسەندکرد، دەوڵەتی بچووکی کوردیان دامەزراند، چی بوو؟، ئەوەی ئەو کوردانە کردیان چی بوو؟، ئاخۆ توانیان ببنە نوێنەری کورد؟، ئەوانە هەمووی چیرۆکن، پێویستە کەس بەمانە هەڵنەخەڵەتێت.
نەتەوەبوونی دیموکراتیکی کورد، خاوەنی تەنها یەک ڕێبەرە، ئەویش ڕێبەر ئاپۆیە، ناچارییە کە وەک بەردەنگ ببینرێت، بۆچی ئەمە دەڵێم؟، لەبەرئەوەی ئێستا ئەمە لەبەردەم کۆمیسیۆنە، ئێوە پرسیتان، پرۆسەکە لە چ قۆناغێکدایە؟ تەنها یەک پێوەر هەیە کە نیشانیدەدات ئاخۆ ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت، ئەویش چۆنێتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتیی هەموومان دەکات، ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی کورد دەکات، ڕێبەرێتیی گەلی کوردە.
دەمەوێت بچمە سەر ئەو خاڵەی کە لە ئێستادا کۆمیسیۆن دوو ئەرکی هەیە. یەکێکیان ئەوەیە: گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ بگرێت، بەڵام ناچارە کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گفتوگۆ بکات، بۆچی ناچارە گفتوگۆ بکات؟ ئێستا لە سەدەی ٢١دا، ئەگەر بوونی کورد گەیشتبێتە ئاستێک کە نەشێت نکۆڵی بکرێت، ئەگەر بووبێتە ئەکتەرێکی ناوچەیی، ئەگەر چیتر نەتوانرێت بە سیاسەتەکانی قڕکردن و ئەسیمیلاسیۆن مامەڵە لەگەڵ گەلی کورد بکرێت، ئەو کاتە دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەو کوردانە چی دەکات؟ ناچارە ئەم بڕیارە بدات.
واتا، ''بوونی کورد دەبێتە بەشێک لە کۆماری تورکیا یان نا؟ وەکو ڕابردوو لە سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆن و قڕکردندا پێداگری دەکرێت یان نا؟ یاخود بوونی کورد قبووڵ دەکرێت؟ پێویستە کۆمیسیۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، کورد بوونی هەیە یان نا؟ ئەگەر هەیە، مافی هەیە یان نا؟ ئەگەر مافی هەیە، ئەو مافەی پێ دەدرێت؟ ئەو پرسیارە سادانەن، هەربۆیە گرنگترین خاڵ کە پرۆسەکە پێی گەیشتووە ئەمەیە، ئیتر ساتی بڕیاردانە، چەندە کەسی نیازپاکیشی تێدابێت، ئەگەر ئەم ئەرکەی جێبەجێ نەکات، واتا ناتوانێت دیدگایەکی پەیوەست بە پێگەی کورد لە کۆماری تورکیادا بخاتەڕوو، هەربۆیە جگە لە کۆمیسیۆنی کاتکوشتن ناکرێت ناوێکی تری لێ بنرێت، ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنە دەیەوێت خۆی لەوە ڕزگار بکات، بێگومان ناچارە وەڵامی ئەمە بداتەوە".
''لێدوان و هەڵوێستەکانی دەوڵەت باخچەلی مانادارە''
هێلین ئومێد ئاماژەی بە قسەکانی هەفتەی ڕابردووی دەوڵەت باخچەلی دا، وتی: "جوان و باش قسەی کرد. دیسانەوە ڕێبەرمانی وەک ڕێبەری دامەزرێنەر پێناسە کرد، مانای پێ دەدەین، لە ڕوانگەی منەوە لێرەدا دوو مانای هەیە، دەکرێت مانایەکی زیاتری لێ بار بکەم، بەڵام بەم شێوەیە هەوڵ دەدەم لە نزیکایەتی باخچەلی تێبگەم، واتە بەڵێ ڕێبەری دامەزرێنەری پەکەکەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ تورکیای نوێ، بۆ هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی تورکیای نوێش هەمان مانای هەیە، پەیامەکە بەمجۆرە تێدەگەین، ئەمە مانادارە، جوان قسە دەکات، بەڵام هێشتا کەم دەڵێت.
بەڵێ، وەک دەوڵەت باخچەلیش وتی: ڕێبەر ئاپۆ هەموو ئەو شتانەی کە تا ئێستا وتوویەتی جێبەجێی کردووە، بەڵێنەکەی جێبەجێ کردووە، ئێمە ڕێبەرەکەی خۆمان دەناسین، یەکێک لەو تایبەتمەندییە بنچینەییانەی کە ڕێبەر ئاپۆی کردووە بە ڕێبەرێكی بەمجۆرە ئەوەیە بەڵێنەکانی لەبیرناکات، هەموو کەس لەبیری دەکات، بەڵام ڕێبەرێتی هەرگیز شت لەبیر ناکات، بۆچی ملیۆنان کەس ئەوەندە پەیوەستن بە ڕێبەر ئاپۆوە؟ بۆچی میلیتانەکان ئەوەندە وابەستەی ئەون؟ بۆچی هاوڕێیانی وی ئەوەندە دڵسۆزیین؟ چونکە ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بەڵێنی خۆیەتی. هەرگیز بەڵێنەکانی لەبیر ناکات و جێبەجێی دەکات، ئەمە دەزانین، بەم شێوەیە دڵسۆزی ئەوین''.
''دەمانەوێت بەشداریی تەڤگەرێکی سیاسیی نوێ ببین کە ڕێبەر ئاپۆ بنیاتی بنێت''
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی، ڕایگەیاند: لە دۆخی ئێستادا داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن ، هەروەها "دەمانەوێت دۆخێکی وەها درووست بکرێت کە مافە سیاسی و یاساییەکانی ڕێبەر ئاپۆ دانی پێدا بنرێت و بتوانێت سیاسەت بکات، پەکەکە کۆتایی بەو کارانە هێنا کە بەناویەوە دەکرێن. دەمانەوێت بەشداریی تەڤگەرێکی سیاسیی نوێ ببین کە ڕێبەر ئاپۆ بنیاتی بنێت، من و هەموو هاوڕێیانم، بەشداریی پەکەکە بووین، بەڵام بە ڕاستی بەشداریی ڕێبەرێتی بووین، ڕێبەرێتی چی بکات دەمانەوێت لەگەڵ وی خەبات بکەین''.
هەربۆیە ''دەبێت هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەمواربکرێتەوە، دەبێت ئازادیی جەستەیی وەی بەدی بهێنرێت، دەبێت ئیدی هەلومەرجی دیلبوون کۆتایی پێ بهێنرێت، مافی هیوا بەدی بهێنرێت. لەم چوارچێوەیەدا زەمینەی یاسایی بنیات بنرێت".
''شەرع وەک سەرکردەیەکی نۆکەر دەردەکەوێت''
لە بەردەوامی قسەکانییدا هێلین ئومێد کۆبوونەوەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپیشی هەڵسەنگاند، وتی: "هەوڵدەدەین لەم کۆبوونەوە تێبگەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شتانەی نیشاندرا سەرنجڕاکێش بوون. ڕەنگە سەرنجی ئێوەشی ڕاکێشابێت، شەرع بە فەرمی پێشوازی لێ نەکرا، لە دەرگای پشتەوە ڕۆشتە ژوورەوە. دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو. سیاسەتی ئەمریکا و بەریتانیا هێڵێکی وایان هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکردەی نۆکەر درووست دەکەن، پشتیان پێ دەبەستن و بەم شێوەیە سیاسەتەکانیان لە هەرێمەکە بەڕێوەدەبەن، ئەمە سیاسەتی ئەمڕۆ نییە. سەدان ساڵە لەگەڵ سەرهەڵدانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە شتێکی لەم جۆرە بەسەر هەرێمەکەدا سەپێنراوە، لەو ڕۆژەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی عەرەب، تورک، کوردستان، گەلی کورد، گەلی فارس لە ژێر فشاردان. کاتێک شەرعم بە دیمەنەکانی کۆشکی سپی هەڵسەنگاند، بیرۆکەی ''سەرکردەیەکی نوێی نۆکەر درووست دەکەن'' هاتە مێشکم''.
پێشتریش لە کاتی کۆبوونەوەکانی ئاشتیی غەززەدا هەمان هەست و بیرکردنەوەم هەبوو، لەوێشدا ترەمپ وەک نمایشکارێک مامەڵەی دەکرد و گاڵتەی دەکرد، نازانم چی کردبوو. وەک بڵێت سەرۆکی سەرەکی منم، خاوەنی ئەم جوگرافیایەم، پەیامێکی دا، ئەمەش درێژەپێدەری ئەوەیە.
شەرع لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا ڕێککەوت، بۆ ڕێککەوتن ڕۆشتبوو بۆ ئەوێ، لەسەر چ بابەتێک ڕێککەوتن؟ یەکەم، بەڵێنی ئەوەی داوە بەشداریی هاوپەیمانی لە دژی داعش بکات، ئەمەش بەو مانایە دێت کە بەشداریی هەوڵەکانی لەناوبردنی ئەو بزووتنەوەیە دەبێت کە پێشتر بەشێک بووە لێی.
واتا لە بەرانبەر ئەو کەسانەی پێشتر هەڤاڵ بوون و پێکەوە لە یەک بەرەدا شەڕیان کردووە، شەڕ دەکات، دووەم، وتی: بەشداریی بەرەی دژ بە ئێران دەبێت، ئەمەش بەو مانایە دێت بەشداریی سیاسەتە نوێیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەرێمەکەدا دەبێت، دەزانن لە عێراق، لە هەرێمی هیلالی شیعە سیاسەتی تەنگاوکردنی ئێران بەڕێوەدەبرێت، لە کەسایەتی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هاوسەنگییەکی هەرێمی هەیە کە هەنگاو بە هەنگاو ئێران بە ئامانج دەگرێت، ڕوونە کە دەبێتە هاوبەش، بۆ ئەوەش بەڵێنی داوە.
سێیەمیش وتی، دژایەتی ئیسرائیل ناکات، لەگەڵیدا ڕێکدەکەوێت، ئاسایشی ئیسرائیل ناخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە ڕوونە سەری بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل نەوی کردووە.
لە دۆخێکی وادا لەو باوەڕدا نیم کە شەرع بتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە، ''لەو باوەڕدا نیم بتوانێت پێشەنگایەتی پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی سووریا بکات، هەرچەندە هەوڵدەدات بە پشتگیری دەرەکی لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام پێدەچێت قورس بێت، بێگومان ئەمە سەرنجی گشتیی منە".
هێلین ئومێد ڕایگەیاند: دوای ئەم کۆبوونەوەیە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار جارێکی دیکە کەوتە ڕۆژەڤەوە، هەروەها : "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جارێکی دیکە ئەمەی بیرهێنایەوە گوتی، دڵسۆزی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادارن و لەو باوەڕدان ئیدارەی دیمەشق هەندێک هەنگاو پەیوەست بەم پرسەوە دەنێت، سەبارەت بەم بابەتە دەتوانم بڵێم؛ ڕوونە کە لەم پرسەدا هەڵوێستی سیاسی هەن کە زیاتر لە یەک نزیک دەبنەوە''.
''دەربارەی ٢٥ـی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان''
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی، پەیوەست بە ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماژەی بەوەدا، وەرچەرخانە بۆ ڕۆژێکی گرنگ، تا ئەوەی ببێتە تێکۆشانی بەهاری ژنان و ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "ڕۆژێکی سیمبوڵییە، بەڵام کاتێک گرنگییەکەی بەرجەستە دەبێت کە بگۆڕێت بۆ تێگەیشتن و هۆشیاریی ژنان. گرنگە لەسەر بنەمای کۆبوونەوە و خۆپارێزیی ژنان، بۆیە وەک تەڤگەری ژنانی ئازادیی کوردستان، وەک پاژک مانایەکی مەزن دەدەینە ئەم ڕۆژە و بەگرنگی دەبینین''.
''سیاسەت و مامەڵە دژە ژنانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و سەختر دەبێ، لە ڕاستییدا گەر بپرسین بنەڕەتیترین کێشەی ئەم جیهانە چییە، بێگومان وەڵامەکە پرسی ژنانە، پرسی ئازادیی ژنە، پرسی هەبوونی ژنە. هیچ کاتێک پرسەکانی دیکەی مرۆڤایەتی لە پرسی ژن قورستر نییە، گەر مرۆڤ لێی بکۆڵێتەوە و هەڵیسەنگێنێت، دەبینرێت ناوەندی هەموو پرسەکان کۆیلەکردنی ژن و ئەو ستەمەیە لە ژنان دەکرێت''.
هێلین ئومێد دەستنیشانی کرد لە کەسێتی ژندا، کۆمەڵگە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە ناو توندوتیژییدا سەرکوت دەکرێت و بە کۆیلە کراوە و ئەمەی وت: "ژن سەرکوت دەکرێت و ئیرادەی تێک دەشکێندرێت، بۆیە بوونی ڕۆژێکی لەم شێوەیە زۆر مانادارە و پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پانتایەکی بەرفراوان بگرێت، بەڵێ باسی ڕۆژێکی سیمبوڵی دەکەین، باسی ٢٥ی تشرینی دووەم دەکەین، بەڵام نابێت تەنها ڕۆژێک، بەڵکو هەموو ڕۆژێک بکەین بە ڕۆژی خۆپاراستن و بەم شێوەیەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین''.
''٢٥ـی تشرینی دووەم ڕۆژی خۆپاراستنمانە''
گەر سەرنج بدەین، ''لە هەر ساتێکدا لە جێگەیەکی جیهاندا ژنێک دەکوژرێت بەبێ هۆکار دەکوژرێت، لە لایەن خزم و کەسە نزیکەکانییەوە دەکوژرێت... واقێکی لەم شێوەیە هەیە، پێویستە باش درکی پێبکرێت، بۆیە وەک پاژک، وەک تەڤگەری ئازادیی کورد چ دەکەینە ڕۆژڤمان؟ بێگومان خۆپاراستن دەکەینە ڕۆژەڤمان، ژنانێک کە هێڵی خۆپاراستنی خۆیان بونیات نەناوە، لە هەر ساتێکی ژیاندا دەکرێت دووچاری هەموو جۆرە توندوتیژییەک ببنەوە. بەڵێ دوچاری واقعێکی لەم جۆرە بووینەتەوە."
''بانگەوازی بۆ چالاکییەکانی ٢٥ـی تشرینی دووەم''
هێلین ئومێد بە بۆنەی ٢٥ـێ تشرینی دووەمەوە ئەم بانگەوازەی لە هەموو ژنان کرد: "ژن ئەو بوونەیە کە بە ئافراندنی خۆی و بە هونەری خۆی دەتوانێت سیستەمی ئازادی، ژیانی کۆمیناڵ بونیات بنێت و دایمەزرێنێت''.
''ئێمە وەک ژنانی کورد لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ، وەک تەڤگەری ژنانی کورد هۆشیار بووینەتەوە، خۆمان ناسییەوە، سیستەمی خۆمان ناسییەوە، پیاومان ناسی، هەنگاو بە هەنگاو بووینە خاوەن ئایدۆلۆژیاییەک، بوینە هەڵگری ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژن، بە زانستی ژنۆلۆژییەوە ڕووناک بووینەوە و وەرچەرخاین بۆ تەڤگەرێکی کۆمەڵایەتی، لە ئیستادا بۆ ئەوەی دەسکەوتەکانی خۆمان بکەینە پراکتیک، سیاسەت بکەین، ببینە هێزی بڕیاردەر، گەیشتین بەو خاڵەی کە هێڵی چالاکیی ئازادیی بئافرێنین، لەسەر ئەم بنەمایە ژن و کۆمەڵگەش ئازاد بکەین. بانگەوازی لە هەموو ژنان دەکەم ئەنجامی پێویست لەم ئەزموونە وەربگرن و بەشدار ببن، چونکە بۆ ژنان ژیانێکی لەمە سەنگینتر بوونی نییە''.