هێلین ئومێد: گەر لە ڕێبەرێتی تێبگەین ئەوا بە بەرپرسیارێتییەوە بەشداری پرۆسەکە دەبین
هێلین ئومێد لە میانی ١٢ـمین کۆنگرەی پەکەکە وتی: بە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگایەکی نوێ بۆ ئازادی کرایەوە، پێویستە مرۆڤ بە باشی تێبگات و خاوەنداریی لێ بکات، گەر لە ڕێبەرێتی تێبگەین ئەوا بە بەرپرسیارێتی و قوڵییەوە بەشداری پرۆسەکە دەبین.

ناوەندی هەواڵ
لە چوارچێوەی بانگەوازی سەدەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەکەکە لە ٥ بۆ ٧ی ئایار، لە دوو ناوچەی جیاوازی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بەشداری ٢٣٢ ئەندام، ١٢ـیەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، بە کۆی دەنگی هەموو ئەندامانی کۆنگرە بڕیاردرا، کۆتایی بە هەموو ئەو کارانە بهێندرێت کە تا ئێستا بە ناوی پەکەکە ئەنجامدراون، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا، هێلین ئومێد، یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرەکە وتاری پێشکەش کرد.
هێلین ئومێد، لە سەرەتای وتارەکەیدا وتی: ئایدۆلۆژیای پەکەکە لە هەلومەرجی ئەو کاتەی جیهاندا سەری هەڵدا و شێوەگیر بوو، بۆ نموونە لەو کاتەدا وردبوونەوە لە دەوڵەت، مێژوو واتە پیلانەکانی دواتری ئایدیۆلۆژیامان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە، لە ئەنجامی تێکۆشان و هەوڵدانەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگایەکی نوێی جیاواز لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە هاتە ئاراوە، ڕێگایەکی نوێ بۆ ئازادی کرایەوە، مرۆڤ دەبێت بەباشی لەمە تێبگات و خاوەنداری لێبکات، ئەگەر بە دروستی و بە هۆشیارییەوە لە ڕێبەرێتی تێبگەین ئەوا بە بەرپرسیارێتی و قوڵییەوە بەشداری پرۆسەکە دەبین.
ئاماژەی بەوەشدا، پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ناو ڕوانگەیەکی جیهانییدا شێوەگیر بوو، خۆی بونیادنا و تێکۆشانی بەڕێوەبرد، ئەم تێکۆشانە پێشکەوتنێکی داستانی هێنایە ئاراوە، نەک هەر بۆ گەلی کورد بەڵکو ڕێگایەکی نوێی ئازادی و تێکۆشان بوو بۆ گەلانی جیهان، هیوایەکی نوێی ئازادی ئاوا کرد، هەموومان لەم ڕاستییەدا پشکمان وەرگرتووە، پێی سەربەرزبووین و سەربەرز دەبین.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا هێلین ئومێد وتی: ئێستا ئەو پرۆسەیەی کە تێیدا دەژین نابێت تەنها بە شێوەیەکی دوو لایەنەی سەرکەوتن و شکست هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، لەسەر بنەمای دۆخی ئێستای جیهان، هاوسەنگییە سیاسییەکان گۆڕدران، پێویستە پێشکەوتنە زانستیی و تەکنیکییەکانیش هەڵسەنگێنین، ڕێبەر ئاپۆ وتی “من بە جۆشم.” منیش ئەو جۆشەم تێدا دەگەڕێت، ئەم پرۆسەیە بە شەپۆلی زۆر هەستیاردا تێپەڕی، پرۆسەیەک بوو کە نیگەرانی، گومان، چاوەروانییەکانی تێدابوو وەک چۆن لە ڕاپۆرتەکانمانیشدا تاوتوێ کرا، پرۆسەیەک بوو کە پڕبوو لە شەڕی دەروونی و تایبەت. یانی پرۆسەیەک نەبوو کە بە هەست و سۆزی ڕاستەوخۆوە ئەزموونی بکەین، بەڵام ڕێبەرێتی دەڵێت بەجۆشم بۆ گۆرانکارییەکان بە پێویستی دەزانم.