لە شاری سلێمانی چالاکییەکانی ٨ی ئادار خرایەڕوو

بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، کە زیاتر لە ٣٠یــی ڕێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنانی لەخۆگرتبوو، چالاکییەکانی ٨ی ئاداریان خستەڕوو.

سلێمانی

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بینای ڕێکخراوی PDO لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن زیاتر لە ٣٠ ڕێکخراوی بواری مافی مرۆڤ و ژنانەوە ئەنجامدرا و باس لەو چالاکییانە کرا، کە بڕیارە لە ٨ی ئاداردا ئەنجام بدرێت.

 

بەیاننامەکە لەلایەن، شەدە بەشیر، خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا، لە میانی چالاکییەکاندا لە سەرای ئازادیی شاری سلێمانی، لێدوانی مامۆستایانی ناڕازی بۆ پرسی نەبوونی موچە پێشکەش دەکرێت، هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو، دووەمین خەڵاتی ساڵانەی یەکسانی، پێشکەش بە چالاکوانێکی بواری ژنان دەکرێت، چالاکییەکە ڕۆژی هەینی لە سەرای ئازادیی لە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت.

 

جگە لەوەش گردبوونەوەیەکی جەماوەرییە لە ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت.