ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی چالاکوانێکی ئەفغانی دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دوای دەستگیرکردنی مەنیجە سدقی چالاکوانی مافی ژنان، داوای ئازادکردنی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

مەنیجە سدقی چالاکوانی مافەکانی ژنان ساڵی ڕابردوو لە کابولی پایتەخت دەستگیرکرا و زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوای ئازادکردنیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە دەستگیرکردنی ناڕەوا بووە، ئەو چالاکوانە لە ٩ی تشرینی یەکەم لە کابولی پایتەخت، بێسەروشوێن بووە و دواتر بزووتنەوەی تاڵیبان ڕایانگەیاند کە لەلایەن ئەوانەوە دەستبەسەرە.

 

دوێنێ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا پشتڕاستی کردەوە، دەستگیرکردنی مەنیجە سدقی چالاکوانی مافی ژنان نایاسایی بووە، هەربۆیە داوای ئازادکردنی دەستبەجێیان کرد.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە داوای لە گەلی ئەفغانستان کرد کە پەیامێک بۆ بەرپرسی هەواڵگری تاڵیبان بنێرن بۆ ئازادکردنی ئەو چالاکوانە و دوو چالاکوانی بواری پەروەردەی ژنانی گەنج لە ئەفغانستان، ئاماژەش بەوەدەکات تاڵیبان هیچ بەڵگەیەکی لە دژی ئەوان نییە، بەڵام هێشتا هەر دەستبەسەرن.