"پلانی داگیرکاری لە پشت سیاسەتی حکومەتی تورکیا بۆ پەنابەران هەیە"

ژنانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی ئەم دواییەیان لە دژی کۆچبەرانی سووری دانیشتووی تورکیا هەڵسەنگاند و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکیا لە پشت سیاسەتی دژ بە پەنابەران پلانی داگیرکاری هەیە.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- لە پڕۆسەی بەهاری عەرەبیدا، کە لە ساڵی ٢٠١٠ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، خەڵک لە زۆرێک لە وڵاتان بە داواکاری ئازادی و یەکسانی ڕاپەڕین، ئەو ڕاپەڕینانەی کە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە، لە ساڵی ٢٠١١دا لە سووریاش ڕوویدا،  لەو کاتەوە ململانێ و ناسەقامگیری سیاسی لە سووریا بەردەوامی هەیە و هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و لە وڵاتی تورکیا نیشتەجێ بوون.

 

دەوڵەتی تورکیا هەمیشە پەنابەرانی کردووە بە پرسی "بازرگانی سیاسی"، ئەو پەنابەرانەی ڕووبەڕووی سیاسەتی وەک گرتن، ئەشکەنجەدان، کوشتن و بەکارهێنانیان بۆ هێزی کار دەبنەوە، وەک کرێکاری هەرزان و دەیانەوێت لەژێر هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەدا بە سزای نامرۆڤانە سزا بدرێن.

 

ئەو ژنانەی لە عەفرینەوە کۆچیان کردووە، باسیان لەوەکرد، سیاسەتی حکومەتی تورکیا سەبارەت بە پەنابەران بەپێی بەرژەوەندییەکانیان گۆڕاوە.

 

"سیاسەتی بە تورککردن جێبەجێ دەکرێت"

شیرین ئەحمەد، ئەندامی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین، باسی لە لێدوانەکانی حکومەتی تورکیا لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا کرد، کە، ڕایگەیاندبوو سنوورەکانی خۆی کردووەتەوە و پاڵپشتی گەلی سووریا دەکات، وتیشی: دوای چەند ساڵێک ڕووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد، بەو پشتیوانییەی کە لە چەتەکان کردی، ڕاستەوخۆ دەستوەردانی لە خاکی سووریادا کرد و پلانەکانی داگیرکاری خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

"دەبێت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن"

شیرین ئەحمەد سەبارەت بە توندوتیژی و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە لە دژی پەنابەران کە لەم دواییانەدا زیادی کردووە، وتی: ئەم سیاسەتە لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریاوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داڕێژراوە، دەوڵەتی تورک کە دەیویست دیمۆگرافیای سووریا بگۆڕێت، زمان و ناسنامە و بوونی تورکی بەسەر خەڵکدا سەپاند، بۆیە پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی پەنابەران جێبەجێ بکەن، دەوڵەتی تورکیا چ لەسەر خاکی خۆی بێت، یان لەسەر خاکی سووریا کە داگیری دەکات، پێویستە بەرپرسیار بێت لەو سووکایەتی و هەڕەشە و مەترسیانەی کە بەسەر گەلی سووریادا دەیسەپێنێت، ئەو خەڵکەی لە سووریا دەژین نزیکەی هەموو ڕۆژێک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومان دەکرێن.

 

"دەوڵەتی تورکیا بۆ بەرژەوەندی خۆی پەنابەری لە تورکیا قبوڵ کرد"

جیهان مستەفا کە لە عەفرینەوە ڕووی لە شەهبا کردووە، وتی: دەوڵەتی تورکیا پەنابەرانی سووری لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا قبوڵ کردووە، سوورییەکان لە تورکیا وەک کرێکاری هەرزان سەیر دەکرێن و کاتژمێرێکی زۆر بە مووچەی کەم کار دەکەن، هەروەها ئەو پەنابەرانە لە تورکیادا دەستگیر دەکرێن، هێرش دەکرێتە سەر دوکانەکانیان و تاڵان دەکرێن، خاوەن کارگەکانیش تووشی توندوتیژی دەبنەوە، ڕەگەزپەرستی لە دژی پەنابەرانی سووریا ئەنجام دەدرێت.

 

"ئێمە پراکتیزە نامرۆڤەکان ڕەتدەکەینەوە"

حەنان عەلی دەڵێت: ئەوەی لە میدیاکان و سایتەکانی دیجیتاڵیدا بڵاودەکرێتەوە، دڕندەییە، هەندێک خێزان لە شەقامەکاندا دەستبەسەر و دەستگیر دەکرێن، پێویستە ئەو کارە نامرۆڤانەی دژ بە سوورییەکان ڕەت بکەینەوە، دەوڵەتی تورکیا کە بانگەشەی ئەوە دەکات، توانای قبوڵکردن و پاراستنی پەنابەرانی سووریای هەیە، دەبێت تا کۆتایی بیانپارێزێت.