هەفتەیەک لە سودان؛ کوشتن و گرتن و برسێتی

لە ماوەی هەفتەیەکدا ٥٠ کەس لە خەرتومی پایتەختی سودان کوژران کە ١٠ کەسیان خۆبەخش بوون لە بۆردومانێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرادا کوژران. جگە لەوەش خەڵکی مەدەنی ڕووبەڕووی پێشێلکاری بەرفراوانی مافی مرۆڤ بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ- بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی "ژووری ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری خەرتوم" دوێنێ (١٩ی ئادار)، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٥٠ کەس لە خەرتوم گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. لە نێو ئەوانەی کوژراون ١٠ خۆبەخش هەبوون کە بەهۆی بۆردومانی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا کوژراون.

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە نزیکەی ٧٠ کەس ڕفێنراون یان دەستبەسەرکراون کە ١٢ کەسیان خۆبەخشن. لە هەمان کاتدا خەڵکی سڤیل لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی خەرتوم ڕووبەڕووی پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ دەبنەوە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا و میلیشیا هاوپەیمانەکانیانەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە چەند حاڵەتێکی دەستدرێژی سێکسی کراوە، بەڵام بەهۆی ترسی ئاشکراکردنی خەڵکەوە تا ئێستا ژمارەی وردی نادیارە.

 

شەڕ و پێکدادان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی خەرتوم بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێی بەرفراوان. هاوکات، بەدخۆراکی لەنێو منداڵان و بەساڵاچووان و ژنانی دووگیاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە سەرەتای مانگی ئادارەوە گیانی حەوت منداڵی گرتووە.

 

بەپێی ئاماری سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، نزیکەی سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە سودان مەترسییەکی زۆریان لەسەرە.

 

بەپێی داتاکانی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای "ڕاپۆرتی یەکگرتووی پێشکەوتنی ئاسایشی خۆراک"، برسێتی بۆ پێنج ناوچەی سودان بڵاوبووەتەوە. ژووری ئۆپراسیۆنی فریاکەوتنی خەرتوم لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو تاوانانە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل و خۆبەخشەکان بگیرێت، هەروەها جەختی لەسەر دوورخستنەوەی خەڵکی مەدەنی لە ململانێکان کردووەتەوە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە سودان لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون بووەتەوە لە جیهاندا. هاوکات هەردوولا لە ململانێکان، سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، تۆمەتبارکراون بەوەی برسێتی وەک چەکی شەڕ بەکارهێناوە. ئەو شەڕە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە، تا ئێستا گیانی دەیان هەزار کەسی سڤیل و ئاوارەبوونی ١٢ ملیۆن کەسی لێکەوتەوە و قەیرانێکی مرۆیی بە ڕێژەیەکی بەرفراوان لێکەوتەوە.