هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت

دوێنێ دووەمین هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە بەڕووی کڕیاران و گەشتیاراندا کرایەوەو سومەیە غەریب، سەرپەرشتیاری هەفتەبازاڕەکە وتی: نزیکەی ٥٠ جوتیار لەگەڵماندا بەشدارن، بەرهەمی نوێی ئەو وەرزەی کە دەگات دەیخەینە بەردەستی کڕیاران.

میهرەبان سەلام 

 

هەڵەبجە-دوێنی ٣١ی تەمووز، بە هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، دووەمین هەفتەبازاری کشتوکاڵی بەڕووی کڕیاران و گەشتیاراندا کرایەوە، تێیدا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەرزی هاوین بە کڕیاران و گەشتیاران پێشکەش دەکرێن.

 

لەبارەی هەفتەبازارەکەوە سومەیە غەریب، سەرپەرشتیاری هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی وتی: ساڵی ڕابردوو هەفتەبازارێکی زۆر سەرکەوتوومان بەڕێوەبرد. لەو کاتەدا توانیمان نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ جوتیار و خاوەن‌بەرهەم کۆبکەینەوە، تاکو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە کڕیاران بفرۆشن، بەبێ ئەوەی دەستی دووەم و سێیەم بکەوێتە ناو مامەڵەکەوە، بەهۆی ئەو سەرکەوتنەی ساڵی ڕابردوو، بۆ دووەمین ساڵ هەفتەبازاڕەکەمان بەڕووی کڕیاراندا کردووەتەوە. ئەمساڵیش نزیکەی ٥٠ جوتیار لەگەڵماندا بەشدارن، ئێستا وەرزی پێگەیشتنی و بەرهەمی هاوینەیە و هەموو هەفتەیەک، بەرهەمی نوێی ئەو وەرزەی کە دەگات، ئامادە دەکەین و دەیخەینە بەردەستی کڕیاران.

 

بەپێی وتەکانی سەرپەرشتیاری هەفتەبازارەکە، هەندێک بەرهەم هێشتا نەگەیشتووە، بەڵام هەر بەرهەمێکی هاوینە کە بگات، لە هەفتەبازارەکە بەردەست دەبێت، جگە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، چەندین کارگەی خۆماڵی بەرهەمەکانیان وەک میوەی وشککراو، ڕوبەهەنارو دۆشاوی توو و هەنار، بۆ فرۆشتن پێشکەش دەکەن، هەروەها ژنانی دەستڕەنگین بە بەرهەمە دەستکردەکانیان، هەموو هەفتەیەک لە خزمەت کڕیاراندا دەبن.

 

لە هەفتەبازاڕەکەدا چەندین ژن بە پێشکەشکردنی کاری دەستی و بەرهەمە خۆماڵییەکان بەشدار بوون، خوشکان فایەق، یەکێک لە بەشداربووان، لە کیلگەکەی خۆیدا بەرهەمە خۆماڵییەکان، سەوزە و گوڵ دەفرۆشێت وتی: ماوەی ١٠ ساڵە لە نەما‌مگەی خەزوورم کار دەکەم، پێش ئەوەش نزیکەی ٢٥ ساڵ خەریکی چاندن و گەشەپێدانی گوڵ و ڕووەک بووین، گوڵ و ڕووەکەکانمان شەتل دەکەین و قەڵەم دەکەین. ئەو بەرهەمانەی بە دەستی خۆمان دروست دەکرێن، لەلایەن خەڵکەوە خواستی زیاتریان لەسەرە.

 

خوشکان باسی لە سوودی هەفتەبازاڕەکە بۆ خۆیان کردو وتی: ئەم هەفتەبازاڕانە سوودی زۆریان بۆ ئێمە هەیە، چونکە دەرفەتێکمان پێدەدەن بەرهەمەکانمان ڕاستەوخۆ بگەیەنینە دەستی کڕیاران. پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە کە ئەگەر حەزیان بە کارێکە، سارد نەبنەوەو بەردەوام بن لە کار و بەرهەمهێنان.

 

هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی بە درێژایی وەرزی هاوین بەڕووی گەشتیاران و کڕیاران کراوەیەو بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆماڵییەکان لە بەردەست دەبن.