لوبنان، کۆنفرانسی "پێکەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتیک" کۆتایی هات
کۆنفرانسی "پێکەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتیک - ڕێگای ئاشتی" کە لە ١٣ی حوزەیران لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستیپێکرد، دوێنێ بە سەرکەوتووی کۆتایی هات.
ناوەندی هەواڵ
کۆنفرانسی "پێکەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتیک - ڕێگای ئاشتی" کە لە ١٣ی حوزەیران لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستیپێکرد، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و دوێنێ بە سەرکەوتووی کۆتایی هات و ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەش لەلایەن سەیف عەدنان، مامۆستا لە زانکۆی عێراق خوێندرایەوە.
"پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بنەمای چارەسەرە"
لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هۆکارە سەرەکییانەی کە بوونەتە ڕێگر لە گواستنەوەی دیموکراسی، بریتین کە ڕەگەزپەرستی، ئایین، مەزهەب و دۆزی ژنان، بۆیە دیدگایەکی جیاواز پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، ئەویش بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە خراوەتەڕوو و دەبێتە بنەمای چارەسەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
لە ئەنجامنامەکەدا، داوای ئازادی فیزیکی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد کرا و گوترا: وزە و ئاو و زۆرێک لە کێشە سیاسی و کولتوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک چارەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەم کارە بکرێت، پێویستە ستراتیژییەکی هاوبەش پێکەوە بدۆزرێتەوە.
لە کۆتایی ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا، کە ١٣-١٤ی حوزەیران بەڕێوەچوو، سەرنج بۆ سەر کۆمەڵێک بابەت ڕاکێشرا، لەوانە، بە پلەی یەکەم هۆکارەکانی گرتنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سیستەمی ئەشکەنجەدان لە ئیمرالی، هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە دۆسیەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد کەیسێکی گشتی و سیاسییە، بۆ ئەوەی ئەو گۆشەگیرییەی زیاتر لە ٢ ساڵە بەردەوامە، پێویستە فشار و پشتیوانی نێودەوڵەتی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.