دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هۆشداری لەبارەیەوە دەدرێت
هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بەردەوامە و لە ڕاپۆرتێکیشدا ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، کە هێرشەکانی حکومەتی سووریا و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وڵاتی دووچاری قەیرانی سەخت کردووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە بەردەوامی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان-باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەرە بەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک چوار جار بە فڕۆکەی جەنگی دامەزراوە نەوتییەکانی تلخاتون و عودەیان لە تربەسپی بۆردوومان کرد، هاوکات تۆڕی گواستنەوەی کارەبا لە نزیک گوندی جدیدەی رۆژئاوای عەین عیسا کراوەتە ئامانج، کە کارەبای کارگەی لافاراج دابین دەکات، لە ئەنجامدا کارەبای دەیان گوندی عەین عیسا پچڕا.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ٣ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکرد و بە چڕی ژێرخانی ئابووری و مەدەنی ناوچەکەی کردە ئامانج، دوێنێش ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ-هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ هاوڵاتییانی مەدەنی لە سووریادا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی قورس بوونەتەوە لەلایەن حکومەتی سووریا و لایەنەکانی دیکەی ململانێکانەوە لەو کاتەی وڵاتەکە دووچاری قەیرانێکی ئابووری سەخت بووەتەوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، لە سەرانسەری وڵاتدا سوورییەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی مرۆیی بوونەتەوە و زیاتر لە ٩٠٪یان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، هەروەها هێشتا سووریا پارێزراو نییە و شەڕ و پێکدادان لە هەڵکشاندایە، وڵاتانی تورکیا و لوبنانیش دەستیان بە دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی و گەڕانەوەی بەرفراوانی هەزاران هاووڵاتی سووری کردووەتەوە.
ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژەی بەوە کردووە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە سووریا، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ و هەراسانکردن و وەرگرتنی پارە. لە هەمان کاتدا بە ملیۆنان دانیشتووی ئەو وڵاتە خۆراکی کوالێتی پێویستیان بە دەست ناگات یان نەیانتوانیوە بەرگەی تێچووی بەرزی نرخی خۆراک بگرن، چونکە حکومەتی سووریا هاوکارییە خۆراکییەکانی نەهێشتووە و نەیتوانیوە چارەسەری ئەو قەیرانە ئابوورییە بکات کە لە ئەنجامی لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری و قەیرانەکانی وڵاتانی دراوسێ دروستبووە، جگە لە کاریگەرییەکانی سزا نێودەوڵەتییە گشتگیرەکان لەسەر سووریا
ئەوەش خراوەتەڕوو لە ئیدلب، هێرشی هێزە سەربازییەکانی سووریا- ڕووسیا بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی لە ساڵی ڕابردوو بەردەوام بوو، چەکی قەدەغەکراویشی تێدا بەکارهاتووە.