"هاوسەرگیری دەرەوەی دادگاکان لە عێراق پێشێلی مافەکانی ژنان و منداڵانە"

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، پیاوانی ئاینیی لە دەرەوەی دادگا گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن، کە پێشێلی یاساکانی عێراق و مافی ژنان و منداڵانە .

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٣ی ئادار، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ "هیومان ڕایتس وۆچ" ڕاپۆرتێکی ٣٧ لاپەڕەیی بە ناونیشانی "سەرلەبەری هاوسەرگیرییەکەم هەڵە بوو، کاریگەرییەکانی هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگاکان لەسەر مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق" بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە پیاوانی ئاینیی ساڵانە هەزاران گرێبەستی هاوسەرگیریی لە دەرەوەى دادگا  تۆمار دەکەن، کە پێشێلکردنی یاساکانی عێراقە، لەوانە هاوسەرگیریی پێکردنی منداڵان.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەو جۆرە هاوسەرگیریانە زیان بە ژنان و منداڵانی کچ و منداڵەکانیان دەگەیەنێت، کە دەیانخاتە دۆخێکی دژوار و بێ پاڵپشتی یاسایی و چاودێریی کۆمەڵایەتیی دەیانهێڵێتەوە، ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریی لە دەرەوەی دادگا و تۆمار نەکردنی ڕێگە خۆشکەرە بۆ زۆربوونی هاوسەرگیری پێکردنی منداڵان، هەروەها کاریگەریی کارەساتباراویی دەبێت لەسەر دەستڕاگەیشتنی ژنان و منداڵانی کچ بە خزمەتگوزارییە حکومیی و کۆمەڵایەتییەکانی پەیووەست بە باری کەسێتیی، بەدەستهێنانی ناسنامە و بەڵگەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان، یاخوود بەدەستهێنانی مافی مارەیی، پاڵپشتی هاوسەرگیریی و میرات.

 

"پێویستە هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە"

سارا سەنبەر، توێژەری عێراقی لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ وتوویەتی: پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق دان بەوەدا بنێن، کە هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو ڕێگە بۆ هاوسەرگیریی بەربڵاوی منداڵان دەکاتەوە، پێویستە هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە، هەروەها دەستڕاگەیشتنی ژنان و منداڵان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ناسنامە و چاودێری تەندروستی، بە بوونی بەڵگەی باری کەسێتی نەبەستەنەوە.

 

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق بەردەوام لە زیادبووندایە، بەگوێرەی ئاماری یونیسێف، ٢٨%ی منداڵانی کچ لە عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان پێکراوە.

 

دادوەرێک لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند، لەوانەیە بتواندرێت دەست بکرێت بە لێپێچینەوەی یاسایی دژ بە سەرکردە ئاینییەکان بە بەکارهێنانی ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، کە سزای هەر کەسێک دەدات کە "پێچەوانەی فەرمانێک بێت کە لەلایەن بەرپرسێکی گشتی یان بریکارێک یان ئەنجومەنی شارەوانی یان دەستەیەکی فەرمی یان نیمچە یاساییەوە دەرچووە بەگوێرەی دەسەڵاتی یاسایی یان ئەو کەسەی سەرپێچی فەرمانێک دەکات کە لەلایەن ئەو قەوارەیانەوە دەرچووە"، بەڵام ئەم یاساییە هەرگیز بەکارنە‌هێندراوە.