هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵات: هێرشەکانی ڕژێم هەنگاوی تێکۆشانمان پێ شل ناکات
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند، بۆردوومانکردنی بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەک هەنگاوی تێکۆشان و بەردەوامیمان پێ شل ناکات، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ تێکۆشان و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.
ناوەندی هەواڵ
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان! لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی بە مووشەک و دڕۆن بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانج گرتووە. ئەم هێرشانە شەهیدبوونی جهلال ڕهشیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی ئەم حزبە و هەروەها چەند پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوخۆی کوردستانیش و لە چەند شارێک، بەهۆی بۆڕدوومانەکانەوە کۆمەڵێک کەسی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید جەلال ڕەشیدی و پارتی ئازادیی کوردستان، هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەڵیگیرساندووە، دەکات و
وتی: هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەوەرەی کاربەدەستانی ڕژێم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی تێکۆشان و بەردەوامیمان پێ شل ناکات، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.
هەروەها جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە کاتێکدا ڕژێم هێزەکانی خۆی لە مزگەوت و قوتابخانەکان مۆڵ داوە و کۆبوونەوە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە ناوەندە ئیدارییەکاندا بەڕێوە دەبات، پێویستە بە زووترین کات لە بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانی ڕژێم و هەروەها لە شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانیان دوور بکەونەوە.