هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆرکردنی مەهدی تەوەکولی و بنەماڵەکەی شەرمەزار کرد

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ڕژێمی داگیرکەری ئێران بە توندی ئیدانە دەکەین، و بانگەواز لە گشت چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان و ئێران دەکەین، هاوهەڵوێست بین و کۆتایی بەو ڕەفتارانە بێنین.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی ٢٧ی تەمووز، مەهدی تەوەکولی و دایک و خوشکێکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە شەهیدکران، ئەمڕۆ، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارەیەوە ڕاگایەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

تیرۆری چالاکوان و هونەرمەندی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەهدی تەوەکولی و بنەماڵەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم و شەرمەزار دەکەین.

 

ڕۆژی دووشەممە ٥ـی گەلاوێژی ١٤٠٥ لەسەر ڕێگەی بانە و مەریوان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سوپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە، چالاکوان و هونەرمەندی خۆشناو و نیشتیمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری سنە، مەهدی تەوەکولی، هاوڕێ لەگەڵ دایک و خوشکی بە ناوەکانی دایە مریەم ئەسڵانی و سومەیە تەوەکولی شەهید بوون.

 

تیرۆری چالاکوانانی مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستان لە کاتێکدایە، کە ڕژێم لە پاش شۆڕشی "ژینا – ژن، ژیان، ئازادی" و ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ و هەروەها دوو شەڕی ١٢ و ٣٩ ڕۆژە، لەوپەڕی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆیدایە و بەم کردارە دڕندانەیە دەیهەوێ کە قەیرانەکان لە خۆی دوور بکاتەوە و بە ترس و تۆقاندن کۆمەڵگە بێدەنگ بکات، جێگەی ئاماژەیە لە پاش ٤٨ ساڵ دەسەڵاتداریی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکە و لە مانگی گەلاوێژدا بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوان دژی مرۆڤایەتی بە مەجلیس، لە هەوڵی دووپاتەکردنەوەی فەتوای جیهادی خومەینیدان، تا بەم شێوەیە ڕەوایەتی بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان دژی چالاکوانانی مەدەنی بدەن.

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە کەوتووەتە دۆخی لەناوچوونی یەکجاری، ترسی لە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ٤٨ ساڵی ڕابردوودا؛ هەر درێژە بە تاوانەکانی وەک لەسێدارەدان، دەستڕێژکردن و هەروەها بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا. کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ٤٨ ساڵی ڕابردوودا مەکۆی سەرەکیی خۆڕاگری و بەرخۆدان لە بەرانبەر دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، هەر بۆیە لەم بەردەوامیی سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندنیشدا جارێکی دیکە چالاکوانانی کوردستان بوونەتە ئامانجی سەرەکی و لە هەموو ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە ڕێبازی جۆراوجۆر هەوڵی تیرۆر و تۆقاندنی نەتەوەکەمان دەدەن.

 

هەموو کردارەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوەمان پێ نیشان دەدەن، که ئەو ڕژێمە تیرۆریستییە بە فەرمیی شەڕی لە دژی نەتەوەکەمان و گەلانی دیکەی ناو ئێران ڕاگەیاندووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، پێویستیمان بە تێکۆشان و هەڵوێستێکی گشتی و هەمەلایەنە لە بەرانبەر ئەو ڕژێمە تیرۆریستییەدا هەیە.

 

لە کۆتاییدا وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بۆ خزم و دۆستانی بنەماڵەی تەوەکولی و هەروەها نیشتیمانپەروەران و چالاکانی مەدەنیی کوردستان، ڕادەگەیەنین کە ئەم کردەوە تیرۆریستییەی ڕژێمی داگیرکەری ئێران بە توندی مەحکووم و شەرمەزار دەکەین، هەروەها بانگەواز لە گشت چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان و ئێران دەکەین کە لە بەرانبەر ئەم کردەوە تیرۆریستییانەی ڕژێمدا هاوهەڵوێست بین و بە تێکۆشانی هاوبەش کۆتایی بەم ڕەفتارانە بینێین".