"هاوپەیمانی گەل و ژنان بۆ ئازادی" دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد

لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، "هاوپەیمانی گەل و ژنان بۆ ئازادی" لە قامیشلۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ گوێگرتن لە بۆچوونی کارمەندانی ڕاگەیاندن ئەنجامدا، لە شەهباش بانگەشەی دەستپێکرد.

قامیشلۆ- شەهبا

 

چالاکییەکانی هاوپەیمانی گەل و ژنان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ١١ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت بەردەوامە.

 

ئەمڕۆ ٣٠ی ئایار، هاوپەیمانی گەلان و ژنان بۆ ئازادی لە هەمان چوارچێوەدا لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا بۆ وەرگرتنی ڕای ڕۆژنامەنوسان، هەروەها گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران و گوێگرتن لە بۆچوون و پێشنیارەکانیان لە بواری پەرەپێدانی چالاکییەکانی شارەوانیدا بەڕێوەچوو.

 

ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بانگەشەو ناساندنی کاندیدەکان

بێریڤان عومەر، کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی قامیشلۆی "هاوپەیمانی گەلان و ژنان بۆ ئازادی" لە کۆنفرانسەکەدا جەختی لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ناساندنی کاندیدەکان کردەوەو وتی: وەک زاندراوە، ئەم هەڵبژاردنە سیستمێکی نوێیە لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێویستە ئێمە و ئەندامانی ڕۆژنامەگەری پێکەوە گفتوگۆ بکەین، با پێشنیارەکانیان بۆ داهاتوو بناسین، ڕوونە کە هێشتا کاتی دەوێت بۆ داننان بە سیستمی هەڵبژاردن، لەم ڕووەوە پێویستە کولتوورێک بونیاد بندرێت و ئەوەی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ناساندنی ئەم سیستمە بە گەل و دەرەوەی هەرێم، ڕەنگە لەم دواییانەدا کەموکورتی شارەوانییەکان هەبووبێت، ڕەخنەی راگەیاندن سەبارەت بە شارەوانییەکان گرنگە چونکە وەک لیژنەی چاودێری وایە، هەروەها دەتوانن ئەم ڕەخنانەش لەمڕۆدا باس بکەین، چونکە ئەوان لە زۆرینەی شوێنی کۆمەڵگەدا هەن و دەزانن باس و گرفتی خەڵک چییە، پێمان وایە کە ڕاگەیاندنەکان دەتوانن فشار بخەنە سەر شارەوانییەکان بۆ ئەوەی کارەکانیان ئەنجام بدەن.

 

"دەنگی گەل گرنگە"

بێریڤان عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، گەل ئازادە دەنگ بەو کەسانە بدات کە باوەڕی  پێیەتی و وتی: گەل ئازادە دەنگ بەو کەسە بدات کە دەیەوێت و متمانەی پێدەکات، گرنگ ئەوەیە کە لە ئەنجامدا دەنگ و بۆچوونی خۆی بەکاربهێنێت، بەپێی ئەو ئامارەی کە دەرچووە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس لە شاری قامیشلۆ نیشتەجێن، ئەگەر ٦٠% نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگەکانیان بەکارنەهێنن، ئەوە کێشەیە، دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی هەمووان دەچن بۆ سندوقەکانی دەنگدان.

 

بۆچوون و پێشنیارەکان

 کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بە بۆچوون و ڕاسپاردەکان کۆتایی هات کە تیشکیان خستە سەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی پاکوخاوێنی و ژینگەی شارەکە، هەروەها بۆچوونی هاوبەش سەبارەت بە گوێگرتن لە بۆچوونی ئەو کەسانەی کە دەتوانن بگەنە شارەوانییەکان، لە لایەکی ترەوە پێشنیار بۆ پڕۆژەی بیناسازی بۆ گەنجان هەبوو، هاوکات گرنگی بە گلەیی خەڵک درا سەبارەت بە نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخەکان.

 

لە شەهبا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد

هاوپەیمانی گەل و ژنان بۆ ئازادی لە کانتۆنی شەهبا هەڵمەتی بەنگەشەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە ١١ی حوزەیران لە تەواوی ناوچەکانی باکورو و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێت، دەستیپێکرد.

 

لە چالاکییەکەدا ئەندامانی دامودەزگا و ئەنجومەن و پێکهاتەکان ئامادەبوون، بانگەشەی پڕوپاگەندەیی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەمڕۆ ٣٠ی ئایار دەستیپێکرد و لە سەرجەم گوند و شارۆچەکەکانی کانتۆنی شەهبا بەردەوام دەبێت، لەم هەڵمەتەدا سەردانی خێزان دەکرێت و بڕگەکانی هەڵبژاردن و هەروەها گرنگییەکەی وەک بروشور دابەش دەکرێت، لە سەردانەکاندا جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردن کرایەوە و هەروەها داوا لە گەلی شەهبا کرا کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگ بدەن بۆ ئەوەی ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن.