هاوکاریەکانی تەقتەق بۆ ڕۆژئاوا ڕەوانە کرا

دوێنێ شەممە کۆتا رۆژی کەمپینی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا بوو لە شارۆچکەی تەقتەق، ئەمڕۆ یەک شەممە بەرەو رۆژئاوا بەڕێ دەکرێت.

شیا کۆیی

 

تەقتەق-لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، سەرپەرشتیارانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری لە قەزای تەقتەق، کۆتاییهاتنی چالاکییەکانیان ڕاگەیاند و هەموو هاوکاریی و پێداویستییەکانیان بەڕێکرد.

 

شلێر ساڵح ئەبابەکر، خۆی کارمەندی تەندروستی تەقتەقە بەشێک لە خۆراک و پێداویستی هێناوە بۆ کەمپینەکە وتی: زۆر خۆشحاڵم کە خەڵکی سنوورەکە بەدەم هاوکاریەکانەوە هاتن و گەربەیەک هەزاریش بێت بەشداریان کرد بۆ ڕۆژئاوا،  لەلای خۆم سوپاسی هەموو خەڵکی تەقتەق و ئەو کەمپینە دەکەم کە حەوت ڕۆژە لێرەن و ماندووبوون.

 

وتیشی: گەر دووژمن دنیزی لەسەربان فڕێدا خوارێ و شەهید بوو بەملیۆنان دنیزی دیکەمان هەیە، لێرەوە سڵاو دەنێرم بۆ کۆبانی وسوپاسی هەرچوارپاڕچەی کوردستان دەکەم کە پاڵپشتی ڕۆژئاوا بوون، چونکە جیاوازی نییە ئەمڕۆ لەوانە سبەی لەلای ئێمەیە دەبێت.

 

ئاسۆ مستەفا، وەک لێپرسراوی ناوچەی تەقتەق لە کۆتایی کەمپینەکەی ڕاگەیاندو وتی: ئەو هاوکارییانەی خەڵکی تەقتەق بۆ یارمەتیدانی ڕۆژئاوا نیشانەی یەکگرتوویی و برایەتی نەتەوەییە، ئەم گیانی یەکبوونە وایکردووە کورد نەکەوێت و هەمیشە پشتیوانی یەکتر بێت لە کاتە سەختەکاندا، لە درێژەی هاوکارییەکاندا، دەیان تۆن خۆراک و پێداویستی جۆراوجۆر بە چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر ڕەوانەی ڕۆژئاوا کرا.

 

هاوکاریەکان بریتی بوون لە: خۆراک و جلو بەرگ و پێداویستی منداڵان و ژنان.