هاوکاری و کەمپینەکان لە باشوور بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
چەند ڕۆژێکە لە سەرانسەری باشووری کوردستاندا، خەڵک و دامەزراوەکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان، کە چەندین پێداویستی سەرەکی ڕۆژانەو شیرو خواردنی تایبەتی منداڵانیشی تێدایە.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_لە دوای ساڵانێک شەڕ و ئاوارەبوون، منداڵانی ڕۆژئاوا بە گشتی ، لە بارودۆخێکی قورسدا دەژین و دووبارە ئاوارە دەبنەوە، خێزانەکان بە تایبەتی منداڵان ڕووبەڕووی کەمبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە، وەک شیر دایبی، جل و پێداویستیی ژیانی ڕۆژانە و کەمبوونەوەی خواردن، پێداویستیی تەندروستی ،ئەم بارودۆخە هۆکاری ئەوە بوو کە دامەزراوە مرۆییەکان دەست بکەن بە کەمپەینی هاوبەش بۆ دابینکردنی یارمەتیدان و پشتگیری خێزانە زیانبەرکەوتووەکان.
لە باشووری کوردستان چەندین کەمپەین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دەستیپێکردووە کە بەشێوەی بەردەوام بەڕێوەدەچێت و ئامانج ئەوەیە کە پێداویستییەکان بگەیەنرێن بەو خێزانانەی کە لە بارودۆخێکی قورسدا دەژین، هەروەها بانگەشە بۆ خەڵک و دامەزراوەکان دەکرێت بەشداربن لە کەمپەینەکاندا، بۆ ئەوەی هاوکاری و یەکڕیزی مرۆیی زیاتر بێت.
دایەنگەی ئەمەریکان کیدس کلەپ بە هاوبەشی ڕێکخراوی شاهەنگ کەمپەینێکی مرۆیییان دەستپێکردووە بۆ کۆکردنەوە و دابینکردنی شیر دایبی، جل و هەر پێداویستییەکی تر کە پێویستە بۆ خێزان و منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان.
ئامانجی ئەم کەمپەینە ئەوەیە کە منداڵان فێری خۆشویستی نیشتیمان بکەن و گیانی هاوکاری و یەکدەنگی لە نێوانیاندا زیاد ببێت، منداڵان و مامۆستایان بە وتنەوەی گۆرانییە نیشتیمانیەکان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هاوکاریەکانیان گەیاندە کەمپینەکەو داوا دەکەن کە هاوکاری رۆژئاوا بکرێت.
"کەمپەینەکە بۆ کۆکردنەوەی پێدایوستی منداڵانی خوار پێنج ساڵە"
مامۆستا ئاهەنگ جەواد حەسەن، سەرۆکی ڕێکخراوی شاهەنگ بۆ گەشەپێدانی منداڵان وتی: لە سەرەتای گەمارۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان چەندین کەمپەین کراوەو دەستخۆشیم هەیە بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە کە هەموومان پاڵپشتین، بەڵام ئەم کەمپەینەی ئێمە جیاوازییەکەی لەوەدایە کە هاوکاریەکانمان تەنها بۆ مندالانی خوار پێنج ساڵە، کە شیر و دایبییە، بەپێی زانیارییەکان و ئەو پەیوەندیانەی هەمانە لەگەڵ خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێویستییەکی زۆریان هەیە بە شیر و دایبی و کلێنسی تەڕ و لە دوای بیستنی گیانلەدەستدانی ئەو مندالانە لە کۆبانێ کە لە سەرما گیانیان لە دەست دا، ئێمەش بیرمان کردەوە کە هاوکاری کۆبکەینەوە بۆیان.
"ئەرکێکی نیشتیمانییە نەک خێر"
لە کۆتای قسەکانیدا مامۆستا ئاهەنگ جەواد حەسەن وتی: داواکارم لە سەرجەم تاکەکانی کوردستان کە بەشداربن لەم کەمپەینانەدا ئەمە ئەرکە ئەمە خێر نییە ئەمە، ئەرکێکی نیشتیمانییە، گرنگە هەموومان پێکەوە یەک دەنگ بین وەک چۆن پاڵپشتی ڕۆژئاوا دەکەین و یەک دەنگین پێویستە لە ڕووی مادییشەوە یەک دەنگ بین و هاوکارییەکان بگەیەنینە ڕۆژئاوای کوردستان.
هۆزان عیرفان دایکی یەکێک لە منداڵەکان وتی : ئەم یەکدەنگیەو هاوکاریە زۆر گرنگە کە لە سەرجەم بەشەکانی کوردستانەوە دەکرێت بۆ هاوکاریکردنی ڕۆژئاوا ئەیسەلمێنیت کە کورد یەکەو قەت نافەوتێت و دەستبەرداری خاکی خۆمان نابین،ئەم کەمپەینەش کە ئەمریکان کیدس ڕایگەیاندوە بە خۆشحاڵیەوە توانیومانە هاوکاریان بکەین و بە دەمیانەوە بێین جگە لە هاوکارییەکە زۆر گرنگە کە فێری منداڵان بکرێت کە هەموومان یەکین و دەبێت هاوکاری خوشک و براکانمان بکەین لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر بە شتێکی کەمیش بێت .