لە ١٩یەمین ساڵیادیدا کۆنگرەی ستار خەڵاتی یەکێتی ژنانی کرد

لە مەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی ١٩یەمین ساڵی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار بەرز ڕاگیرا و یەکێتی ژنانی کوردستانیش خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، لە هۆڵی میلانۆ لە شاری سلێمانی، ئاهەنگێک بە بۆنەی ١٩مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرە ستار، بە دروشمی “ژن ژیان ئازادیی” بەڕێوەچوو.

 

سەرەتای ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕیزلێنان لە گیانی پاکی شەهید ڕەیحان و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی دەستی پێکرد.

دواتر، وتەی کۆنگرە ستار لە لایەن ڕۆزە حەسەن پێشکەشکرا و لە سەرەتادا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و وتی: لە بەرامبەر شەهید ڕێحان و تەواوی شەهیدانی دیکەدا سەردادەنەوێنین و بەڵێن دەدەین کە ڕێبازەکەیان بەردەوام دەکەین، لەو کاتەی کە وەک ژنان دەستمان بە ڕێکسختن کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستا شەڕ بەردەوامە، بۆیە تەنها بە خۆشی دەڕبڕین ساڵیادی خۆمان پیرۆز ناکەین، بەڵکو لە بەرامبەر دوژمنیشدا ڕادەوەستین.

 

وتیشی: ژنان سەرکێشیان کرد و خەباتی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا پێشخست، کۆنگرە ستاریش لە بوارەکانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و بوارەکانی دیکەشدا خەباتی خۆی بەردەوام کرد و لە شەڕیشدا ناوی شۆڕشمان کرد بە شۆڕشی ژن، ئەمەش کاریگەری تەواوی هەبوو لە بنیاتنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

لە درێژەی ئاهەنگەکەدا، کورە ڤیدیۆیەک لەسەر کار و چالاکییەکانی کۆنگرە ستار لە ساڵی ٢٠٢٣ نمایشکرا، پاشان هەر لە ڕێگەی ئامێری داتاشۆوە، پەیامی شیراز حەمۆ، وتەبێژی کۆنگرە ستار پیشکەشکرا و تێیدا وتی: سەرەکییترین تێکۆشانمان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ڕزگاریی ژنە، کۆنگرە ستار جگە لە ڕۆژئاوا، لە باشووری کوردستان و زۆر وڵاتی دیکەدا بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان و چالاکیی خۆی دەکات.

پاشان، خەڵاتی کۆنگرە ستار لەلایەن ڕۆزە حەسەن، پێشکەش بە کافیە سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ژنان کرا، لە پای هەوڵەکانی بۆ ئازادیی ژن و هاوکارییەکانی بۆ کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستاندا.

 

دواتر، پەیامی پیرۆزبایی رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، لە لایەن شەیما نەبیل پیشکەشکرا، هەروەها چەندین برووسکەی پیرۆزبایی، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان و لایەنە سیاسییەکانەوە نێردرابوو، خوێندرایەوە.

 

هەروەها، خەڵاتی ڕێزلێنانی هەریەک لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و ڕێکخراوی ڕژاک، پێشکەش بە نوێنەرایەتیی کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان کرا.

لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا، چەند نمایشێکی هەڵپەرکێ لە لایەن هەریەک لە گرووپی هەڵپەرکێی منداڵان و گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە پێشکەشکرا، پاشان بە هەڵپەرکێ و شادیی کۆتایی بە ئاهەنگەکە هات.