پیاوانی کۆبانێ: ژنان ئەقڵیەتی ٥ هەزار ساڵەیان گۆڕی

پیاوانی شاری کۆبانێ سەبارەت بە پێشەنگایەتی ژنان لە شۆڕش و ئەو گۆڕانکارییەی بەدیهات، تیشک دەخەنەسەر ئەوەی ژنان توانییان ئەقڵیەتی ٥ هەزار ساڵە بگۆڕن.

ئەلڤین محەمەد

 

کۆبانێ- پێنج هەزار ساڵە بە ئەقڵیەتی دەوڵەت-پیاو، تا ئەمڕۆ هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان و ئیرادەیان ئەنجام دراوە. توندوتیژی دژی ژنان لە هۆشیاریی دەوڵەت-پیاوەوە دەستی پێکرد و بە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بڵاوبووەوە.

 

تێکۆشانی ژنان لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک و هۆشیاریی دەوڵەت-پیاو، ئەمڕۆش بەردەوامە. تێکۆشان و خۆڕاگری بەردەوامی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و تێڕوانینی پیاوان بەرامبەر بە ژنان هەیە. یەکێک لە نموونەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوایە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە شۆڕشی ژنان ناسراوە.

 

پیاوانی شاری کۆبانێ سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەگەڵ پیاوان ڕوویداوە لە ڕووی هۆشیارییەوە ئاماژەیان بە ڕۆڵ و کاریگەری ژنان کرد.

 

"پێشکەوتنی ژنان ڕەنگی خۆی بە هەموو بوارەکانی شۆڕش بەخشی"

محەمەد مستەفا، ڕۆژنامەنووس لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند، پێشەنگایەتی ژنان لە شۆڕشدا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆی نیشان دەدات و بە تایبەتی لە هۆشی پیاواندا، لە ماوەی ٥ هەزار ساڵ گۆڕانکاری بەرچاو ڕوویداوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: " کاریگەری هۆشیاری پیاو-دەوڵەت، دینداری، ڕەگەزگرایی، لەسەر ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا گەورە بووین زۆر بەرزە. ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە گەورە بووین و پەروەردە بووین. لە کۆمەڵگەدا فشار لەسەر ژنان زیاتر دەبێت. لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ڕێبازی ئێمە بەرامبەر بە ژنان لەسەر بنەمای پەروەردەکردنی کۆمەڵگە بوو.

 

"شۆڕشی ١٩ی تەمموز بووەتە شۆڕشی ژنان و هیوای هەموو گەلانی ستەملێکراو"

محەمەد مستەفا لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە کاریگەریی ئایینی لەسەر ژنان زیادی کردووە و لەسەر ئەم بنەمایە لە ژنان نزیکبوونەتەوە و دەڵێت "زیاتر لە هەموو شتێک ئایین کاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەبوو، هەرگیز ڕێگە بە ژنان نەدەدرا بە تەنیا بچنە دەرەوە، دڵنیا بوو لەوەی یەک تاڵ لە قژی دیار نەبێت. هەر بۆیە ئێمە ئەمەمان بە ڕاستی بینی و بەو پێیەش لە ژنان نزیک بووینەوە. نەک هەر لەم لایەنە گرنگ بوو لەگەڵ هیچ پیاوێکی نەناسراو قسە نەکەیت، بە تەنیا نەچێتە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر منداڵیش بێت، پیاو دەبێت لەگەڵی بچێتە دەرەوە. لەبیرمە کاتێک خوشکەکەم یان دایکم دەچووە دەرەوە لەگەڵیان دەچوومە دەرەوە. زۆر جار لەگەڵیان بووم. ئێستاش زۆر شتی ڕەگەزگرایی هەیە، بەڵام ناتوانین بڵێین ژن وەک ئەو کاتە فەقیرن. دوای شۆڕشی ١٩ی تەمموز، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئیرادە و هێزیان هەیە. ئەمڕۆ ژنان لەم شۆڕشەدا پاڵ بە ئازادییەوە دەنن. لانی کەم ئەم دەستپێشخەرییە هۆشی پیاو دەگۆڕێت و ئێستا ژن و پیاو پێکەوە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەن. ژنان لە ڕێگەی تێکۆشانی خۆیانەوە ڕوانگە و هۆشیاری پیاوانیان گۆڕیوە. من خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم کە شایەتحاڵی شۆڕشی ژنان بووم و بەم شۆڕشەش خەریکی شۆڕشی کۆمەڵگەشم".

 

توندوتیژی چ لە ڕووی دەروونی و هەم لە ڕووی جەستەییەوە ئەنجام دەدرێت

عارف بالی، هاوسەرۆکی دەستەی ژینگەی کانتۆنی فورات، هەروەها گرنگی پێشەنگایەتی ژنانی لە شۆڕشدا دەربڕی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووز، هەموو کۆمەڵگە دەستیان بە کار و خەبات کرد، من لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ کارم کردووە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەدا ئێمە ژن و پیاو پێکەوە کار دەکەین. بە تایبەتی لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، هەموو کارەکان بە هاوبەشی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەنجام دەدرێن. با ڕاستی بڵێین هیچ وڵاتێک لەڕووی ژنانەوە ئەوەندە پێشەنگی نییە".

 

"کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە ژنی ئازاد دەستەبەر دەبێت"

عارف بالی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ٢٥ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی تێکۆشان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان قبولکراوە، بەڵام با بزانین هیچ بۆ ئازادی ژن نەکراوە، لە سەدەی ئێمەدا تەنها بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئەولەویەتی بە ئازادی ژندا. ئەگەر ژنان لە کۆمەڵگەدا ئازاد نەبن، کۆمەڵگە ناتوانێت خۆی ئازاد بکات. دڵنیای دەدات لەوەی کە وەک کۆمەڵگە دەگەینە ئەم ڕاستییە و بەو پێیە لە ژن نزیک دەبینەوە. توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی دوولایەنە ئەنجام دەدرێت. یەکێکیان لە ڕووی دەروونییەوە دەکرێت و ئەوی دیکەیان لە ڕووی جەستەییەوە لەسەر ژنان ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ژنان بە چەوساوەیی بمێننەوە، کۆمەڵگەش بە چەوساوەیی دەمێنێتەوە. ژنان بۆ ژیانێکی ئازاد پێویستیان بەوەیە ڕۆڵیان هەبێت و ئازاد بن".

 

"بە ماندووبوون و تێکۆشانی ژنان گەیشتوینەتە ئەم ڕۆژانە"

عارف بالی باسی لەوەشکرد، کە ڕۆژانە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە و دەڵێت: لەبەرئەوەی ژیانێکی ئازاد هەبووە کە ژنان بەڕێوەی دەبەن، نابێت ناچارکردن و توندوتیژی هەبێت. دوای ئەوەی ئەم ژیان و سیستەمە لەناوچوو تا ئەمڕۆش تاڵان و کوشتن بەردەوامە. سیستەمی پیاو-دەوڵەت سیستەمێکی دزی و کوشتنە، لە هەمان کاتدا کۆمەڵگە دابەش دەبێت، با بزانین ئیتر وەک جاران بەکۆمەڵایەتیکردن نەماوە. بە سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک دەمانەوێت لە ڕێگەی ئازادی ژنانەوە ئازادی کۆمەڵگە بنیات بنێین و بیپارێزین. ئێمە بە ڕەنجی ژنان گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژانە، هەروەها ئێمە ئەمڕۆ بە ڕەنج و تێکۆشانی ژنان لە ژێر چەتری نەوتەوی دیموکراتیکدا دەژین. پێویستی پیاوان هەیە بزانن سەدەی بیست و یەک، سەدەی ژن و ئازادی کۆمەڵایەتی دەبێت، بەم هۆشیارییەوە ئەمڕۆ شاهیدی شۆڕشی ژنان و ئازادی کۆمەڵگەین".