لە کینیا تەرمی ژمارەیەک ژن لە زبڵخانەیەکدا دۆزرایەوە

لە وڵاتی کینیا تەرمی ژمارەیەک ژن لەناو کیسی زبڵدا دۆزرایەوە، تۆمەتباری سەرەکی کە دەستگیرکراوە، دانی بەوەداناوە کە ٤٢ ژنی کوشتووە و تەرمەکانی فڕێداوەتە ناو زبڵ و خاشاکەوە کە وەک باسی لێوە دەکرێت ١٠٠ مەتر لە بنکەی پۆلیسەوە دوورە.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی کینیا ڕایگەیاند، پاش دۆزینەوەی تەرمی چەند ژنێک، تاوانبارێکی ٣٣ ساڵ دەستگیر کراوە و تا ئێستا دانی ناوە بە  کوشتنی ٤٢ ژن، کە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە پارچەپارچەی کردوون و فڕێیداونەتە چاڵێکی زبڵدانەوە.

 

ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، لە ڕۆژی هەینییەوە چەندین کیسەیان لە زبڵدانێکی شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا دەرهێناوە، کە جەستەى بە پارچەپارچەکراویی و شێوێندراوی تێدابووە، ئێستا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی نۆ تەرمیان دۆزیوەتەوە، سەرجەمیان ژنن و بە مەبەستی ناسینەوەیان پشکنینیان بۆ دەکرێت.

 

پۆلیس بە بکوژی زنجیرەیی سایکۆپات ناوی تۆمەتبارەکەی بردووە و ڕایگەیاندووە، ئەو هیچ بنەمایەکی مرۆڤایەتیی تێدانەماوە و تاوانەکانی سەلمێنەری ئەوەن.