"ئەگەر ئاگربەست لە غەززە نەکرێت نەوەیەک لەناو دەچن"

ڕێکخراوی یوئێن-ڕوا هۆشداری داوە کە ئەگەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە کە لەژێر هێرشی ئیسرائیلدایە، ڕانەگەیەندرێت، نەوەیەک لەناو دەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

 فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی نزیک-UNRWA،  لە بەیاننامەکەیدا لەسەر هەژماری دیجیتاڵی ئێکس، ڕایگەیاند، منداڵان یەکەمین و زۆرترین زیانبەرکەوتووی ململانێکان و شەڕەکانن.

 

"منداڵانی غەززە کارەساتێکیان بەسەرداهات کە نەدەبوو هیچ منداڵێک لە ژیاندا بیبینێت"

فیلیپ لازارینی ئاماژەی بەوەدا منداڵانی غەززە ئەو کارەساتانەیان ڕووبەڕوو بووەوە کە نەدەبوو منداڵان له هیچ شوێنێکی جیهان بیبینن و ڕووبەڕووی ببنەوە، دووپاتیشی کردەوە کە خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، ڕزگاربووانیش به قووڵی تووشی زەبر بوونەتەوە.

 

"ئەگەر ئاگربەست نەبێت، نەوەیەک لەناو دەچێت"
فیلیپ لازارینی ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل قوتابخانەکانی منداڵان وێران بوون و تەواوی ساڵێکی خوێندنیان لەدەستچوو و بەبێ خوێندن و یاریکردن مانەوە، داوای ئاگربەستی کرد و جەختی کردەوە ئەگەر ئاگربەست لە غەززە ڕانەگەیەندرێت نەوەیەک لەناو دەچێت.

 

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، لانیکەم ١٥ هەزار و ٥١٧ منداڵ، ١٠ هەزار و ٢٧٩ ژن، ٣٧ هەزار و ٢٣٢ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و ٨٥ هەزار و ٣٧ فەلەستینیش بریندار بوون.