نەتەوە یەکگرتووەکان نەخۆشخانەی ناسر بە ناوچەی مەرگ پێناسە دەکات

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسر، پزیشکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەیان پێدرا بچنە ناو نەخۆشخانەکە و دوای بینینی دیمەنەکان، نەخۆشخانەکە بە ناوچەی مەرگ پێناسە دەکەن.

ناوەندی هەوڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٣ەوە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێک بە بێ جیاوازی، بەهۆی هێرشەکانەوە نەخۆشخانەکانیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە و لە خزمەتگوزاری وەستاون.

 

دوو ڕۆژ دوای بۆردوومان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسر، پزیشکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەیان پێدرا بچنە ناو نەخۆشخانەی ناسر.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان زانیاری هەواڵگریی ئاشکرای کردووە کە بارمتەکان لە نەخۆشخانەی ناسر دەستگیرکراون و دواتر هێرش ئەنجامدراوە.

 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بڵاوبووەتەوە کارمەندانی پزیشکی نەخۆشەکان بە ڕووناکی مەشخەڵ دەگوازنەوە و باس لە زیانەکانی دامەزراوەکان دەکەن.

 

دوای ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی پزیشکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆناو نەخۆشخانەی ناسر، پزیشکێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دیمەنی نەخۆشخانەکەی بە "ناوچەی مەرگ" پێناسە کردووە.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ١٤ نەخۆش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە.

 

سوپای ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ کەسێک بەهۆی کردەوەکانیەوە گیانی لەدەست نەداوە و سەربازەکانی داوایان لێکراوە نەخۆشخانەکە بەڕێوەببەن.