نزیکەی ٢١ هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستدا و هێرشەکان بەردەوامن

بۆردوومانی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و زیاتر لە ٢٠ هەزار و ٩٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ڕۆژانە دۆخی مرۆیی خراپتر دەکەن، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی دوێنێ، ٢٦ی کانوونی دووەم بۆ سەر ماڵێک لە کەرتی غەززە، زیاتر لە ٦٠ کەس بێسەروشوێن بوون، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل فەرمانی بە چۆڵکردنی خەڵکەکە لە ناوچەکە کرد، ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشی زەمینی خۆی بۆ سەر کامپی بورێج ڕاگەیاند.

 

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئیسرائیل ١٨ کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە کە زیاتر لە ٢٤١ کەس گیانی لەدەستدا و ٣٨٢ برینداری لێکەوتووەتەوە، هاوکات لە یەک ڕۆژدا تەرمی ٢٨ کەس گەیشتووەتە نەخۆشخانەی شیفا، بەمەش ژمارەی گیان لەدەستداوان لە کەرتی غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرزبووەتەوە بۆ ٢٠ هەزار و ٩١٥ کەس و ٥٤ هەزار و ٩١٨ بریندار، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

لە خان یونس، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیلی کە ماڵێکی لە باشووری کەرتی غەززە کردە ئامانج، زیاتر لە ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا، هاوکات فڕۆکەکانیش بەردەوام بوون لە بۆردوومانە چڕەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی خان یونس، جگە لە دەستپێکردنی هەڵکوتانە سەر بانی سەهلا، ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور و ناوچەی جوهر ئەلدیک لە باشووری کەرتی غەززە، ژمارەیەک کەسیش بریندار بوون، بەهۆی بە ئامانجکردنی بارەگاکانی مانگی سووری فەلەستین لە شاری خان یونس، کە هەزاران ئاوارە لەخۆدەگرێت.

 

ئیسرائیل تەرمی نزیکەی ٨٠ کەسی نەناسراوی گەیاندە دەروازەی سنووری کەرەم شاڵۆم، دوای ئەوەی لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی باکووری کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا، تا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا لە گۆڕستانێکی شاری ڕەفەح، لە باشووری کەرتی غەززە بنێژرێن، تا ئێستاش سەدان کەسی بێسەروشوێنن، بە تایبەتی لە باکووری کەرتی غەززە هەن.

 

دوێنێ لە هێرشێکی مووشەکی زەمینی لەلایەنی ئیسرائیلەوە بۆ شارۆچکەی بینت جیبیلی لوبنان لە سنووری فەلەستین، سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە ژنێکیان تێدایە.