ساڵیادی جینۆسایدی کورد لە قەرنە بە دەستی ڕژێمی ئیسلامی ئێران

فاتمە.ک دەڵێت: هێزەکانی سوپا منداڵێکی ساوایان لە لانک دەرهێنا و کوشتیان، کاتێکیش پرسیاریان کرد بۆچی ئەم منداڵە ساوایە دەکوژن، وتیان ئەم کوردە گەورە دەبێت و دێت بۆ تۆڵەسەندنەوە.

لارا گەوهەری

 

نەغەدە- دوای شەڕی نەغەدە و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی، لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩دا، بە ماوەیەکی کەم و لە ٢ی ئەیلولی ١٩٧٩دا، کوردستان شایەتحاڵی تاوانێک بوو، یەکێکە لە کارەساتترین ڕووداوەکانی مێژووی کوردستان، کە ١٤ ڕۆژ دوای فەتوای خومەینی بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان، تاوانبارانی ڕژێمی ئیسلامی و کۆمیتەی شۆڕشگێڕی ورمێ، بە فەرماندەیی مەلا حەسەنی، ئیمامی ئەم شارە، هێرشیان کردە سەر گوندی قەرنە لە نەغەدە.

 

گوندی قەرنە کە بە دووری ٧ کیلۆمەتر لە شاری نەغەدە و لەسەر ڕێگای نەغەدە–پیرانشار هەڵکەوتووە، لە ٢ی ئەلوولدا ڕووبەڕووی هێرشێکی دڕندانەی هێزەکانی سوپای پاسداران بووەوە، ٦٨ کورد بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کران، زۆربەیان ژن و گەنج و منداڵ و بەساڵاچوو بوون، ئەم جینۆسایدە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، دواتر هێزەکانی مەلا حەسەنی تەواوی گوندەکەیان تاڵان کرد و دواتر ئاگریان تێبەردا، بەڵام زۆرێک لە تەرمەکان بردرانە شاخەکانی دەوروبەری بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە ئەم کەسانە لە شەڕێکی دەست و یەخەدا کوژراون، نەک لە گوندەکەدا کوژرابن.

 

جینۆسایدی قەرنە پلانێکی ڕژێمی ئیسلامی بوو بۆ دابەشبوون

هەندێک جینۆسایدی گەلی کورد بە یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و دوژمنایەتی لە نێوان کورد و تورک لە ناوچەکەدا دادەنرێت، لە پێناو سەرکوتکردنی داواکاریی کورد بۆ ماف و سەربەخۆیی، داواکاری سیاسی و بژێوی کرێکاران، سەرکوتی داواکاران و ناڕازییان و ڕۆشنبیرانی ئازەربایجان و کوردستانیان.

 

خەڵکی گوندی قەرنە لە دوای شەڕی شاری نەغەدە، هاتوچۆ و کڕینی شتومەکیان لە شارەکە ڕەت کردەوە، چونکە پلانەکانی ڕژێم بۆیان ڕوون بوو، عەزیم مەعبودی، فەرماندەی هێزی بەرگری نەغەدە و سەرۆکی لیژنەی کاتی شارەکە، لە ١ی ئەیلوولدا نامەیەکی بۆ خەڵکی گوندەکە نووسی تا وەک جاران بچنە شارەکە و پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن، لە ناوەڕۆکیشدا نووسرابوو، "دوای سڵاو، پێم خۆشە ئێوە و براکانی تر بچنە شارەکە بۆ بەقاڵ و بە شارەکەدا بگەڕێن، هەر کەسێک بچوکترین ناڕەحەتی بۆ ئێوە و براکانی تری کورد دروستبکات، یەکسەر ئاماژە بە ڕێکخستنەکان یان بۆ خزمەتکارەکەم بکەن، بۆ ئەوەی بەناوی دژە شۆڕشەوە ئەو کەسە دەستگیر بکەم و ڕادەستی دەسەڵاتی ڕژێمیان بکەم".

 

ڕۆژێک دوای ناردنی نامەکە، لە ٢ی ئەیلوولدا هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامی بە بیانووی تۆڵەسەندنەوە لە کورد و کوشتنی چەند سەربازێک لە ڕۆژانی پێشوودا، بە تۆپ و تانک و تفەنگ هێرشیان کردە سەر گوندی قەرنە.

 

فاتمە ک. خەڵکی ناوچەکەیە و لە بارەی ئەو ڕۆژەوە دەڵێت: لە نزیک کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ هێرشیان کردە سەر قەرنە، دەمانچە و چەکیان بۆ کوشتنی مرۆڤ پێبوو، ڕەحمیان بە ژن و پیاو نەدەکرد، منداڵیان نەدەناسی، منداڵێکی ساوایان لە لانک دەرهێنا و کوشتیان، کاتێک لێیان پرسین بۆچی ئەم منداڵە بچووکەتان کوشتووە، گوتیان ئەم کوردە گەورە دەبێت و دێت بۆ تۆڵەسەندنەوە، بە پێڵاوە سەربازییەکانیان سەری کۆرپەیەکی دیکەیان لەسەر زەوی پان کردەوە، هەموو کەسێک و هەموو شتێکیان کوشت، قیامەت لە هەمان ڕۆژ و لە هەمان شوێن ڕوویدا.

 

زولیخا م. یەکێکە لە دانیشتووانی ئەم گوندە و دەڵێت: هێشتا ترسی ئەو ڕۆژەم ماوە، من لەو کاتەدا منداڵ بووم و زۆرم لەبارەی شەڕی نەغەدە و و ئەو ناکۆکیانە نەدەزانی کە هەبوون، ئێمە خەریکی نانخواردنی نیوەڕۆ بووین کە گوتیان هێرشیان کرد، زۆر بووین، دایکم بە خێرایی هەموومانی برد و لەگەڵ ژنەکەی دراوسێ و منداڵەکانی هەڵاتین، وتیان، مامۆستا (مەحمود بیهتەزادە) نە قورئانەوە چووەتە بەردەم سەربازەکان تا ڕێگری لە کوشتار بگرێت، بەڵام تەقەیان لێکردووە، بە ترسەوە ئێمەی ژن و منداڵ ڕاماندەکرد و لە شاخی بوداخ ماینەوە تا دۆخەکە هێور ببێتەوە یان دوامان بکەون.

 

دوای کۆمەڵکوژیی خەڵکی قەرنە، هەندێک کەس بە مەبەستی پێشگرتن لە شەڕی کورد و تورک لە ناوچەکە بەدواداچوونیان بۆ هۆکار و ڕووداوەکانی ئەم تاوانە کرد و دواجاریش خومەینی کەوتە ناو بەدواداچوونی ڕاستییەکان، لە کۆتاییدا، ڕۆژنامەی ئیتلاعاتی سەر بە ڕژێم، ڕاپۆرتی مەهدی بەهادران، نێردەی خومەینی بڵاوکردەوە و تیایدا هۆکاری شەڕەکەی بۆ هێڵەکانی فاشیستی و دژە کورد و دابەشکاری گەڕاندەوە و ساواکی پەیوەندیدار کرد، باسی لەوەشکرد، شەڕەکە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە.

 

سزانەدانی تاوانباران و فەرماندەکانی جینۆسایدی قەرنە زەمینەی بۆ تاوان و هەڵاواردن دژ بە کورد لە ناوچەکە خۆش کرد و دوای ئەوەش ١٤ گوندی دیکە لە ساڵانی دواتردا کۆمەڵکوژ و تاڵان کران.