بەپێی ڕاپۆرتێک ٢٥١ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهان بێبەشن لە خوێندن
ڕێکخراوی زانستی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسکۆ" ئاشکرای کرد، لە هەر ١٠ منداڵ لە ئەفغانستان و نەیجیریا ٦ منداڵ لە خوێندن و چوونە خوێندنگە بێبەشن.
ناوەندی هەواڵ
بێبەشکردنی منداڵ لە خوێندن کاریگەریی نەرێنی جددی لەسەر دەرونی هەیە، هەندێکیان کورتخایەنن و هەندێکی تریش درێژخایەنن، وەک کەمی متمانە بەخۆبوون، هەستکردن بە کەمتەرخەمی، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، و دابڕانی کۆمەڵایەتی، ئەمە جگە لەوەی دەرفەتی سنووردارە بۆ گەشەکردن و دەستکەوت، و هەستکردن بە بێزاری.
ڕێکخراوی زانستی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسکۆ"، دوێنێ ٤ی تشرینی دووەم، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لەهەر ١٠ منداڵ لە ئەفغانستان و نەیجیریا، ٦ منداڵیان بێبەشن لە خوێندن و چوونە خوێندنگە.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا بە ناوی "دۆخی جیهانی پەروەردە" تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن لەسەر ئاستی جیهانی و پشتڕاستیکردەوە کە ٢٥١ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهان بێبەشن لە خوێندن، کە ١٢٩ ملیۆن کوڕ و ١٢٢ ملیۆن کچ لەخۆدەگرێت.
یونسکۆ لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرایکردووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تەنیا پێشکەوتنێکی کەم لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندندا بەدیهاتووە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ڕێژەی ئەو منداڵانەی ناتوانن بگەنە خوێندنگە زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن کراوە و ئاماژەی بەوە کردووە. لە وڵاتانی هەژاردا ڕێژەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن گەیشتووەتە ٣٣٪، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە وڵاتانی دەوڵەمەند لە ٣٪ تێناپەڕێت.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەوڵی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی دۆخی پەروەردەیی و پاڵپشتی سەرکردە پەروەردەییەکان بەمەبەستی هێنانەدی گۆڕانکاریی ئەرێنی.