سێ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بارەی ژمارەى دەنگدارانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارێزگاكان بە تایبەت بۆ میدیاکان دوا و ئاشکرای کرد، کە كۆی گشتیی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان سێ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار دەنگدەرە.

 

 

جومانە غەلای دەشڵێت: تا ئێستا دوو ملیۆن و ٩٠١ هەزار دەنگدەر كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە، کە لە پارێزگای هەولێر یەك ملیۆن و ٣٦٦ هەزار و ٤٦٢ دەنگدەری گشتیی هەیە، لەو ژمارەیە یەك ملیۆن و ١٦ هەزار و ٣٥٧ دەنگدەر كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە.

 

 

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كە تا ئێستا تۆماری دەنگدەرانیان جیا نەكراوەتەوە، یەك ملیۆن و ٤٩٦ هەزار دەنگدەری گشتیی هەیە، لەو ژمارەیەش یەك ملیۆن و ١٤٦ هەزاریان كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە، لە پارێزگای دهۆكیش ٩٢٦ هەزار دەنگدەری گشتیی هەیە، تا ٣ی تەمموز، ٧٣٨ هەزار دەنگدەر كارتی بایۆمەتریان دەرهێناوە.

 

جێی ئاماژەیە، بڕیاربوو لە حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدریت، بەڵام بۆ چەندین جار ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەهۆی پەدەکەوە دواخرا و دوا بڕیاریش بۆ بەڕێوەچوونی پرسەکە رۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵە.