دەسەڵاتدارانی ئێران فشار دەکەن خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بێت

ژنانی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتڕاستیان کردەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران میکانیزمی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن بۆ ناچارکردنی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی لە کاتی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا دەستگیرکراون فشاریان لەسەرە.

مەهتاب شەریفی

 

ورمێ-لە کاتێکدا تەنها یەک ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ١ی ئادار کە تیایدا ئەنجومەنی شورا و ئەنجومەنی شارەزایان هەڵدەبژێردرێن، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵدەدەن هاوڵاتیان قایل بکەن بۆ بەشداریکردن، لەوانە فشار و هەڕەشە لەسەر هەندێک چالاکوانی مەدەنی کە دەستگیرکراون بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەدا.

 

لە ئێراندا، شێوازەکانی هەڵبژاردن بوونەتە ڕاستییەکی جیاواز لەگەڵ میکانیزمەکانی سەلماندنی بڕوانامەکان، کە تەنها ڕێگە بەو کاندیدانە دەدات کە لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکراون بۆ پێشبڕکێکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەر شەرعییەتێکی هەڵبژاردنەکان.

 

"بڕیارم دا بەشداری هەڵبژاردن نەکەم و تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەمیش بەشداری ناکەن"

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لەو هاوڵاتیانەی کە لە کاتی ڕاپەڕینی گەلدا چەوسێندراونەتەوە، هەڕەشەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا لێکراوە. ڤیان، م کە ناوێکی خوازراوە، لەبارەی ئەزموونی فشارەکانی ئاسایش بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وتی: لە زستانی ٢٠٢٢ من وەک سەرکردەی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکرام و کەیسێک لە دژم تۆمارکرا و ئەم کەیسە هێشتا کراوەیە و ئەنجامەکانی دیاری نەکراون، هەفتەی ڕابردوو دەزگا هەواڵگرییەکان پەیوەندییان پێوەکردم و پێیان وتم لیستی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە تۆمار دەکرێن و باشترە بۆ من بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەم، بەڵام بڕیارم دا بەشداری نەکەم و تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەمیش بەشداری ناکەن.

 

"فشاریان لەمن و هاوڕێکانم کرد بۆ بەشداریکردن"

لە لایەکی دیکەوە، خوێندکار مەجغان، ک بەناوی خوازراو لەبارەی ئەزموونی خۆی لەگەڵ فشارەکانی دەسەڵاتداران بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان قسەی کردو وتی: ساڵی ڕابردوو لە کاتی خۆپیشاندانی خوێندکاراندا کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی گەل، سکاڵایەکی یاساییان لە دژی من تۆمارکردو بۆ ماوەی یەک وەرز لە دامەزراوەکانی زانکۆ بێبەشیان کردم و هەفتەی ڕابردوو هاوڕێکانم کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردبوو بانگهێشتکران بۆ ئاسایش و پێیان وترا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی حکومەتدا بکەن، بەڵام بڕیارماندا بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا نەکەین و دەستبەرداری داواکارییەکانی حکومەت نەبن.

 

مامۆستا سەحەر،ش کە ناوێکی خوازراوە ئەزموونی خۆی لەگەڵ فشاری حکومەت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا گێڕایەوەو وتی: هەمیشە فشار هەیە لەسەر مامۆستایان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام بڕیارماندا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەین. دەسەڵاتداران میکانیزمی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن بۆ ناچارکردنی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لەم ماوەیەدا کەمتر ستاف و مامۆستا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، ئەمساڵ من و هاوڕێکانم پێمان وترا کە دەبێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین، بەڵام کەسمان بەنیاز نیین بەشداری بکەین..