١٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا نەخوێندەوارن

جێگری وەزیر و بەرپرسی دەزگای بزووتنەوەی خوێندەواری ڕایگەیاند: لە ئێران ٧،٤٠٠،٠٠٠ نەخوێندەواری تەواو و ٢،٥٠٠،٠٠٠ کەسی کەم خوێندەوار هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، جێگری وەزیر و بەرپرسی دەزگای بزووتنەوەی خوێندەواری ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسەکانی هەواڵی نێوخۆیی ئێران، ڕایگەیاند: لە تەمەنی شەش ساڵ و سەرووتر، ٧ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار نەخوێندەواری تەواو و دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسیش هەن کە تەنها تا پۆلە سەرەتاییەکانیان خوێندووە.

 

بەرپرسی دەزگاکە ئەوەشی خستەڕوو، لە گروپی تەمەنی ١٠ بۆ ٤٩ ساڵ لە ئێران یەک ملیۆن و ٧٠٧ هەزار نەخوێندەواری تەواو هەن و وتی: لە ئێستادا یەک ملیۆن نەخوێندەوار و کەم خوێندەوار لە ئێران هەن، کە پۆلەکانی بزووتنەوەی خوێندەواری بەکاردەهێنن بۆ فێربوونی خوێندەواری.

 

بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی ئەو خوێندکارانە بکات کە وازیان لە خوێندن هێناوە، وتی: ڕەنگە کەمێک جیاوازی هەبێت لەو ژمارانەی کە ڕادەگەیەنرێن؛ هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆکردنەوەی ئامارەکانمان لەژێر مۆدێلی خۆڕاگەیاندندایە، بەو ڕێکەوتنەی کە لە نێوان ئێمە و ناوەندی ئاماردا ڕوویداوە، هیوادارین لە کۆکردنەوەی ئاماری داهاتوودا بەرەو تۆمارکردن هەنگاو بنێین. ئەگەر ئەمە ڕووبدات ژمارە و ئامارەکانمان ورد و باوەڕپێکراوتر دەبن.

 

ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخەن کە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە نێوان منداڵانی تەمەن شەش تا ١١ ساڵیدا ٢٪ بووە، ڕێژەکە لە تەمەنی ١٢-١٤ ساڵیدا ١٠٪ بووە و لەناو خوێندکارانی تەمەن ١٥-١٧ ساڵیشدا لە ٢٠٪ بووە، بۆ ساڵی خوێندنی ڕابردوو.

 

بەپێی ئەم ئامارانەی لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣دا خراوەتەڕوو، زیاتر لە ٩٢٨ هەزار منداڵ لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندن، ١٧٥ هەزار خوێندکاری سەرەتایی، ١٩٧ هەزار خوێندکاری ناوەندی یەکەم و ٥٥٦ هەزار منداڵی تەمەن نێوان ١٥-١٧ ساڵ وازیان لە خوێندن هێناوە.

 

بە پێی خەمڵاندنەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، هۆکاری سەرەکی وازهێنان لە خوێندن لەناو خوێندکارانی ئێراندا، هەژاری ئابووری و نەتوانینی دانی کرێی خوێندنە، خوێندکارە ڕزگاربووەکان یان ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە بە شێوەیەکی سەرەکی زیاد دەبن بۆ ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەسەر شەقام کار دەکەن، هەرچەندە ئاماری وردی منداڵانی کار یان ئەو منداڵانەی کە دوای وازهێنان لە خوێندن ڕوو لە سەر شەقام دەکەن، لە ئێراندا بەردەست نین.